یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری كۆیە تۆماركرا

K24 - هەولێر
یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری كۆیە تۆماركرا. کەسوکاری هاووڵاتییەکە دەڵێن "ئاژەڵدار نین".
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوەزەیرانی 2023، شێروان جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كۆیە بە كوردستان24ـیی راگەیاند، هاووڵاتییەكە دانیشتووی گوندی سماقوڵییە. هاوکات كەسوکارکەی دەڵێن "ئاژەڵدار نین".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، نەخۆشەکە تەمەنی لە نێوان 70 - 75 ساڵییە و نەخۆشی درێژخایەنی فشاری خوێنی ھەبووە، دووجار پشکنینی لە ھەولێر و پاشان لە بەغدا بۆ کراوە و لە ھەردوو پشکنینەکە دەرچووە کە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی ھەیە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە دوێنێ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023 ئاشکرایکردوون، تا ئێستا لە سەرجەم پارێزگاکانی ئەو وڵاتە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە زیاتر لە 250 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و سەرووی 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی رێنوێنییە خۆپارێزییەکان و کڕینی دەرمان بۆ تاقیگەی ناوەندی، هاوکاریی کەرتی تەندروستی دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە.
دوو ساڵە تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق روو لە هەڵکشانە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیانەوێت پێش جەژنی قوربان کۆنترۆڵی ئەوە بکەن و رێگە نەدرێت لە دەرەوەی سەبڕخانە فەرمییەکان ئاژەڵ سەرببڕدرێت.
تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.
دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).