واشنتن پۆست: هەواڵگری ئەمەریکا هەفتەیەک پێشتر ئاگاداری پلانەکانی ڤاگنەر بوو

K24 – هەولێر:
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زانیاری و وردەکاری پشت پەردەی هەڵگەرانەوەی فەرماندەی گروپی ڤاگنەر لە رووسیا ئاشکرا دەبێت و لە دوایین زانیاری دزە پێکراودا، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ناوەڕاستی ئەم مانگە و پێش زیاتر لە هەفتەیەک ئاگاداری پلانەکەی پریگۆژین بووە و زانیویەتی لە پوتن هەڵدەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمەریکییەکە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هەفتەیەک پێش هەڵگەڕانەوەی فەرماندەی ڤاگنەر لە مۆسکۆ ئاگاداری پلانەکە بوون و سەرۆکی ئەمەریکا، پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسیشیان ئاگادارکردووەتەوە.
واشنتن پۆست زانیارییەکانی لە چەند سەرچاوەیەکی ناو حکومەتی ئەمەریکاوە بەدەستیکەوتوون، ئاماژەی بەوەکردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا تەواوی وردەکارییەکانی گەیاندووەتە لایەنە باڵا پەیوەندیدارەکان و بەگوێرەی ئەو زانیارییانە بەرپرسانی ئەمەریکا تاکە نیگەرانیان ئەوەبووە، ئەگەر پوتن لە دەسەڵات نەمێنێت مەترسی ئەوە هەیە رووسیا رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ ببێتەوە، ئەوکات کۆنترۆڵی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لەدەستی کێ دەبێت و مەترسی و لێکەوتەکانی چی دەبن، بۆ ئەمەریکییەکان جێی دڵیانیی نەبووە.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدنیش ئاشکرای کردووە، ئامادەکاری تەواویان بۆ هەموو سیناریۆیەک کردبوو لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەواڵگری ئەمەریکا لەبارەی هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر دژ بە مۆسکۆ پێیان گەیشتبوو.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا، بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمەریکا هۆکاری سەرەکی تووڕەیی یێڤگینی پریگۆژین ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بڕیارەکەی 10ی ئەم مانگەی وەزارەتی بەرگری رووسیا بووە کە داوای لە خۆبەخشەکانی ئەو گرووپە کردووە گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگری بکەن.
پریگۆژین ئەم بڕیارەی بە مەترسی بۆسەر خۆی زانیوە و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئاگاداری پلانەکەی بووە بۆ هەڵگەرانەوە لە وەزارەتی بەرگری و جووڵەپێکردنی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ. وەک ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا روونیکردووەتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیاش ئاگاداری پلانەکە بوون بەڵام بەدیاریکراوی نەیانزایوە کەی پلانەکەی جێبەجێ دەکات.
هەروەها واشنتن پۆست ئەوەشی ئاشکراکردووە، پێش 24 کاتژمێریش لە راگەیاندنی ڤاگنەر بۆ هەڵگەڕانەوە لە دژی مۆسکۆ، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەیەوە زانیاری لەبارەی پلانەکەی پریگۆژین پێگەیشتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکی نێوان گرووپی ڤاگنەر و وەزارەتی بەرگری رووسیا بۆ جەنگی باخمۆت دەگەڕێتەوە، کە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیەی ئۆکرانیا بە درێژترین ماوەی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەکی ئۆکرانیا دادەنرێت لە ئایاری رابردوو کە سەرکەوتنەکەش بۆ گرووپی ڤاگنەر تۆمارکرا.
لە 24ـی شوباتی 2022، سوپای رووسیا لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، هێرشی سەربازی لە وشکانی و ئاسمانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و گرووپی ڤاگنەریش کە لە ژمارەیەکی زۆری چەکداری بەندکراو و سزادراوی پێشوو و خۆبەخش پێکدێن، شانبەشانی سەربازانی رووسیا بەشدارییەکی کارایان کرد لە جەنگەکەدا و تا راگەیاندنی هەڵگەڕانەوە بەردەوام بوون لە شەڕکردن.
درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.
لە بەرانبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە شەڕی ناوخۆ و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بە کاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".
لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.
ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگهی سهرۆكی بێلارووس بڵاویكردهوه، گرووپی ڤاگنهر رازی بووه دۆخهكه له رووسیا هێوربكاتهوه و چالاكییه سهربازییهكانی بوهستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئهلێكساندهر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.
هەروەها دێمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین رایگەیاند، مۆسکۆ دۆسیەی سکاڵا دژی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دادەخرێت و هیچ لێپێچینەوەیەکی لەگەڵدا ناکرێت و لە بەرامبەرئەوەشدا، پریگۆژین دەچێتە بیلارووسیا.