سەرۆکوەزیرانی پێشوو لە هەڵبژاردنەکانی یۆنان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا
K24 – هەولێر:
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی یۆنان سەرۆکوەزیرانی پێشوو زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش دەتوانێت بەبێ هاوپەیمانی حکومەت پێکبهێنێت.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنی گشتی یۆنان، پارتی دیموکراتییەتی نوێ بە سەرۆکایەتی کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە توانیویەتی زیاتر لە 44%ـی دەنگەکان مسۆگەر بکات.
لە بەرامبەردا پارتەکەی ئەلێکسی سیپراسی ئۆپۆزیسیۆن و رکابەریشی کەمتر لە 20%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
هەرچەندە ئەوەی راگەیەندراوە تەنیا ئەنجامی بەراییە، بەگوێرەی میدیاکانی یۆنان، پێشبینی دەکرێت هێشتا رێژەی دەنگەکانی میتسۆتاکیس زیاتر بێت و بتوانێت بە تەنیا و بەبێ دروستکردنی هاوپەیمانی حکومەتی داهاتووی یۆنان پێکبهێنێت.
کیریاکۆس میتسۆتاکیسی تەمەنی 55 ساڵە و دەرچووی زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکییە و کاری راوێژکاری لە کۆمۆپانیای ماکینزی ئەمەریکی ئەنجامداوە، لە ساڵی 2016 سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتییەتی نوێی وەرگرت و سەرۆکایەتی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کرد تا لە هەڵبژاردنەکانی 2019 سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە 158 کورسی پەرلەمان لە کۆی 300 کورسی و بوو بە سەرۆکوەزیرانی یۆنان.
لە هەڵبژاردنەکانی 21ـی ئایاری رابردوو، میتسۆتاکیس سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەڵام لەبەرئەوەی نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بباتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت بە تەنیا، داوی کرد جارێکی دیکە 9.8 ملیۆن دەنگدەری یۆنانی بچنەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بە ئامانجی بەدەستهێنانی زۆرینە.