محەممەد خورشید: کورد بە پەرتەوازەیی زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەدەستدەدات

K24 – هەولێر:
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، رایدەگەیەنێت، پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی کورد و زۆرینەی کوردستانییانی کەرکووکە. هاوکات دەشڵێت: لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەگەر کورد پەرتەوازە نەبێت زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24، رایگەیاند، سبەی لە بارەگای کەرکووک رێکخستنی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بانگێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان 10 لایەنی کوردی کۆدەبنەوە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هاوپەیمانی، گرفتەکانی هەڵبژاردن و دەرهاوێشتەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر.
هەروەها راشیگەیاند، زۆربەی لایەنە کوردییەکان وەڵامیان داوەتەوە کە ئامادەدەبن، تەنیا کۆمەڵ و گۆڕان و داوایانکردوە دوای جەژن لەگەڵیان کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت. یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، دەشڵێت: مانگێکمان لەدەستماوە، لە ماوەی ئەو مانگەدا چی لە بەرژەوەندی کوردستانیانی کەرکووکە جێبەجێی دەکەین.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکەم کاری پارتی ئەوەیە سەرجەم لایەنە کوردییەکان تێکڕا بتوانن زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بەدەستبهێنن بۆئەوەی ئەو ماف و ژمارەی کورسیانەی کە کورد هەیبوو لە پێشوودا بەدەستی بهێنینەوە.
محەممەد خورشید، جەختی لەوەشکردەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی کورد و زۆرینەی کوردستانییانی کەرکووکە، دەبوو بەپیێ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کوردبێت.
گوتیشی: ئەو پۆستانەی کە لە کورد وەرگیراوەتەوە بە مافی خەڵکی کوردستانیانی کەرکووک دەزانین کە بەدەستی بهێنینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رەچاوی نەتەوە و پێکاهاتەکانی دیکە دەکەین هەر یەکەیان بە گوێرەی ماف و ئیستیحقاقی خۆیان پۆستیان پێبدرێت.
لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، محەممەد خورشید، گوتی: ئەگەر کورد پەرتەوازە نەبێت لە بری پێنج لیست دوو لیستی بەهێزی هەبێت و خۆیان کۆبکنەوە، پێموایە ژمارەی کورسییەکانی کورد دانابەزێت، هەروەها ئەندامێکی پارتی شایستەی ئەوەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووکی پێ ببەخشرێت.
گوتیشی: هیوادرین بە یەک لیست لایەنە کوردییەکان بەشداریبکەن، بەڵام بەپێێ ئەو هەڵسەگاندنانەی کە ئێمە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەمانە، هەروەها ئەو دەرئەنجامانەی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و دروستبوونی هەندێک حزبی سیاسی تێدەگەین کە یەک لیستی لە کەرکووک ئاسان نییە.
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، دووپاتیکردەوە، هانی لایەنە کوردییەکان دەدەین کە لە دوو لیستی بەهێز کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئەگەر دەنگیش پەرتەوازە بوو، لە نێوان ئەو دوو لیستە دابێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر لاینەکێکی سیاسی کەرکووک بڕوایان بە مافەکانی کوردستانییەکانی کەرکووک هەبێت، "ئێمە هاوپەیمانییان لەگەڵ دروستدەکەین".
بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
داود سلێمان، بەڕێوەبەری راهێنان لە کۆمیسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنەکان ماف بە حزبەکان دەدات کە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، بەڵام بەو مەرجەی هەر حزبێک چوە ناو هەر هاوپەیمانیەتیەک، نابێت بە تەنیاش بەشداریبکەن، بە تایبەت لە ناو هەمان پارێزگا".
زیا مەندەلاوی، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، وەک بڕیارێکی سەرەتایی لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سڵاحەدین، دیالە، بەغدا و واست کاندیدیان دەبێت. بە گوتەی خۆشیان، کار لە سەر ئەوە دەکەن کۆتایی فەیلییەکانی بەغدا بەدەستبهێنن.