جه‌عفه‌ر ئیمینكی: کەلێنی نێوان یەکێتی و پارتی زیانی به هەرێمی کوردستان گەیاندووه

K24 – هەولێر:
بەرپرسی پەیوەندییه گشتییەکانی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی زۆر گرنگ بوو. ده‌شڵێت: "کەلێنی نێوان یەکێتی و پارتی زیانی به هەرێمی کوردستان گەیاندووه".
له‌میانه‌ی به‌شداریكردنیان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، جه‌عفه‌ر ئیمینكی بەرپرسی پەیوەندییه گشتییەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند، کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن و لەسەر ئاستی عێراقیش هەماهەنگی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر پێویسته و لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان لایەنه سیاسییەکانی هەرێم زۆر گرنگه.
ئیمینكی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پارتی زۆر هەوڵیدا پەرتەوازه‌یی لەناو هەرێمی کوردستان دروست نەبێت و کەلێنی نێوان یەکێتی و پارتی زیانی به هەرێمی کوردستان گەیاندووه و زۆر گرنگه هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی دووباره بکرێتەوه .
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، كه "له هەماهەنگی و هاوبەشی نێوان هێزه سیاسییەکان ئەزموونێکی سەرکەوتوومان هەبوو".
سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌عفه‌ر ئیمینكی رایگه‌یاند، قۆناغێکی باشمان له دانوستانەکان لەگەڵ یەکێتی بڕیووه و بەپەرۆشین بۆ گەیشتن به رێککەوتن لەباره‌ی ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن. گوتیشی: "پێویسته پڕۆسەی دیموکراسی بەگەڕبخرێتەوه، ئەمە به هەڵبژاردن دەکرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێمانوایه کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق دەتوانێت دوو هەڵبژاردن بەیەکەوه بەڕێوەببات، گفتوگۆ هەیه بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەیەکەوه بکرێن.
ئیمینكی دووپاتیشیكرده‌وه، هەڵبژاردن لەپێناو بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانه نەک حزبەکان و ناگەڕێینەوه دواوه و روومان له ئایندەیه.
بەرپرسی پەیوەندییه گشتییەکانی پارتی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ده‌ڵێت: "لیستی هاوبەشمان له ناوچه کوردستانییەکان نییه، بەڵام گرنگه هەبێت و پێویسته پێش لیستی هاوبەش پەیمانێکی نیشتمانی واژۆبکەین".
گوتیشی: "داوامانکردووه له ناوچه کوردستانییەکان لیستی هاوبەشمان هەبێت".
ئاشكراشیكرد، پارتی له کەرکووک و نەینەوا دۆخی له جاران باشتره.
له‌باره‌ی ئاراسته‌ی كاركردن و سیاسه‌تی پارتی، ئیمینكی ده‌ڵێ: "پارتی هیچ کات باوەڕی به زۆرینه و کەمینه نەبووه و بەکاریشی نەهێناوه و پشوودرێژیی پارتی رێگریی له زۆر کێشەی گەورە کرد و به‌رده‌وام له پەیامەکەی راستگۆ بووه و راستگۆیانه بڕوای به هاوبەشی هەبووه".
دواجار گوتی: "داعش پیلانگێڕییەکی ناوچەیی بوو لەسەر هەرێمی کوردستان و دەنگی شۆڤینی له پەرلەمانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان هەبوو".