کابینه‌ی نوێی حكومه‌تی یۆنان راگه‌یه‌ندرا

ئاڵای یۆنان
ئاڵای یۆنان

K24 - هەولێر

دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی رۆژی یەکشەممەی یۆنان، ئەندامانی کابینەی نوێ به‌ سه‌رۆكایه‌تی کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکی پارتی دیموکراسی نوێ بڵاوكرانه‌وه‌.

پاڤلۆس ماریناکیس، گوتەبێژی حکوومەتی نوێی یۆنان ئاشكرایكرد، نیکۆس دێندیاس، وەزیری پێشووی دەرەوەی یۆنان، بۆ وەزارەتی بەرگریی دەستنیشانکراوه‌ و یۆرگۆس یه‌راپێتریتسە، وەزیری نوێی دەرەوەش، پێشتر وەزیری گواستنەوە و دەوڵەت بووە.

هه‌ریه‌ك له‌ دیپلۆماتکاری بەئەزموون، ئەلێکساندرا پاپادۆپولو کە پێشتر وەک باڵیۆز لە ئەمریکا کاری کردووە و یۆرگۆس کۆچیراس کە لەدایکبووی 1984ه‌، پێشتر وەک بریکاری وەزیری داد کاری کردووە، دەبنە جێگرانی نوێی وەزیری دەرەوە. هاوكات کۆستاس فرانگۆیانیس کە له‌ كابینه‌ی پێشووتریش جێگری دەرەوە بووە، بەردەوام دەبێت لە ئه‌ركه‌كه‌ی.

ئەندامانی نوێی کابینەی حکومەتی یۆنان، سبه‌ی دوای سوێندخواردنیان لە سەرۆکایەتی کۆمار، به‌رێوڕه‌سمی راده‌ستكردن له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی پێشوو، دەست بە ئەرکەکانیان دەکەن.

لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی رۆژی یەکشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023، پارتی دیموکراسی نوێ بە سەرۆکایەتی کیریاکۆس میتسۆتاکیس له‌سه‌دا 40.55ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان به‌ بردنه‌وه‌ی 158 كورسی په‌رله‌مان بووه‌ خاوه‌نی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیی كه‌ له‌ 300 كورسی پێكهاتووه‌.

Fly Erbil Advertisment