چیرۆکی مردنی باوک و کوڕێک لە ژێردەریایی تیتان

شەهزادە داود و سلێمان داود
شەهزادە داود و سلێمان داود

K24 - هەولێر

چیرۆکێکی تری تراژیدی لە کارەساتی ژێردەریایی "تیتان" سەرهەڵدەدات، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە قووڵایی زەریای ئەتڵەسیدا تەقیەوە و هەر پێنج کەسی ناو کەشتییەکە گیانیان لەدەستدا.

دایکی سلێمان داود، ئەو هەرزەکارە تەمەن 19 ساڵەی کە پەیوەندی بە باوکی شەهزادە داودەوە کردووە و پێکەوە گیانیان لەدەستداوە، دەڵێت، بڕیار بوو ئەو سەر کێشیە ئەنجام بدات، بەڵام جێگای خۆی بۆ کوڕەکەی بەجێهێشتووە.

کریستین داود کە لە کارەساتەکەدا هاوسەر و کوڕەکەی لەدەستداوە، قسەی بۆ بی بی سی کردووە و دەڵێت: بڕیاربوو لەگەڵ هاوسەرەکەم ئەو گەشتە ئەنجام بدەم، بەڵام پاشەکشەم کرد و شوێنی خۆمم دا بە سلێمان، چونکە بەڕاستی ویستی بڕوات، ئاماژەی بەوەشکرد هەردووکیان باوکەکە و کوڕەکە زۆر بە پەرۆش بوون بۆ ئەو گەشتە، کە بڕیار بوو سەردانی کەشتییە بەناوبانگەکەی تایتانیک بکات، بە قووڵایی نزیکەی چوار هەزار مەتر.

دایکەکە، دەشڵێت: کوڕەکەی یاری "کوبی روبیکی" لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ژێردەریاییەکە، چونکە دەیەوێت ژمارەی پێوانەیی جیهانی بشکێنێت بە چارەسەرکردنی لە قووڵایی هەزاران مەتر لە ژێر رووی زەریاکەدا.

دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ژێردەریاییەکەدا نەما، گوتی: "هەموومان پێمان وابوو کە خۆیان دەردەخەن، دواتر تووشی شۆک بووین چونکە نزیکەی 10 کاتژمێر زیاتر دواکەوت، کە دەبوایە لەسەر زەوی بووایە.

کریستین راشیگەیاند: "هیوایەکی زۆرمان هەبوو، پێموایە ئەوە تاکە شتێک بوو کە ئێمەی لەو دۆخەدا هێشتەوە بەردەوام سەیری سەرەوەمان دەکرد، چونکە زۆر شت هەبوون کە پێیدا تێدەپەڕین".

بەڵام دوای 96 کاتژمێر لە دیارنەمانی ئەو ژنە وازی لە هیواکان هێنا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئۆکسجینی تەواو بووە، لەو کاتەدا پەیامێکی بۆ خێزانەکەی نارد و رایگەیاند "خۆی بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە دەکات".

کریستین، راشیگەیاند: کچەکەی بە گەشبینییەوە لەو شوێنە ماوەتەوە، تا ئەو کاتەی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا خێزانەکەی ئاگادارکردەوە کە کەشتی ژێردەریاییەکە دۆزراوەتەوە.

Fly Erbil Advertisment