وەزارەتی کارەبا خشتەیەکی نوێی پێدانی کارەبای نیشتمانی راگەیاند

K24 - هەولێر
وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشانی دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیەندارێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "وەزارەتی کارەبا بە بەرهەمهێنانی 3800 مێگاوات کارەبا و بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی کارەبا لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشانی دەدات."
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، "هاوکات سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرهەمهێنان و وێستگەکان و کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان و فەرمانگەکانی چاککردنەوە 24 کاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن."
رۆژی یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو، "دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە و ئەو گرفتەی لە کێڵگەی کۆرمۆڕ ببووە هۆی وەستانی پڕۆسەی گواستنەوەی گازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا چارەسەر کرا."
سبەی چوارشەممە 28ـی حوزەیرانی 2023، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان (حاجییان)ـە و، بەوبۆنەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆوە تا 1ـی تەمووزی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگاکانی کردووەتە پشووی فەرمی.