هەڵمەت هەمزە: رۆژانی جەژن سەربڕخانەکان لە 4ـی بەیانی تا 6ـی ئێوارە کراوە دەبن

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر، رایگەیاند، بەردەوام رشاندن بۆ ئەوە شوێنانە دەکرێت کە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی تێدا ئەنجامدەدرێت. هاوکات دەشڵێت: رۆژانی جەژن سەربڕخانەکان لە 4ـی بەیانی تا 6ـی ئێوارە کراوە دەبن.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، هەر ئاژەڵێک گەنەدار بێت پێویستە ئەو ئاژەڵە رەتبکرێتەوە و چارەسەری پزیشکی ڤیتەرنەری وەربگرێت.
هەروەها راشیگەیاند، گەنە لە هەندێ لە شوێنەکانی ئاژەڵادا کۆدەبێتەوە ژێر گوێی، ژێر کلکی و دەوروبەری قاچەکانی.
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، لە سەربڕخانەکاندا پشکنینی ورد پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵان دەکرێت.
هەڵمەت هەمزە، دەشڵێت: رشاندن بەردەوام بۆ ئەوە شوێنان دەکرێت کە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی تێدا ئەنجامدەدرێت.
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر، ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێم لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییەدایە پێش ئەوەی لە کۆنتڕۆل دەربچێت وەک شارەکانی دیکەی عێراقی لێبێت، هەروەها لە کوردستان 11 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوونە و 5 کەسیش گیانیان لەدەستاوە.
هەڵمەت هەمزە، ئەوەشی خستەڕوو، رۆژانی جەژن سەربڕخانەکان لە 4ـی بەیانی تاکو 6ـی ئێوارە کراوە دەبن.
تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.
دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).