سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان داوای یەکدەنگی بۆ پاراستنی کەرکووک دەکات
فەهمی بورهان: دوای جەژن لەگەڵ جووتیارانی کەرکووک کۆدەبینەوە

K24 - کەرکووک
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەکانی ناوچەکانی ماددەی 140 چارەسەر نەکراون، داوا دەکات هەموو سەرکردە سیاسییەکانی کورد پێکەوە یەکدەنگ و یەکهەڵویستبن بۆ پاراستنی کەرکووک.
ئاماژەی بەوەشدا، دوای جەژن کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو جووتیارانی ناوچەکە دەکەن و خەبات و ئەرکی داهاتوویان دیاریدەکەن.
فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، گوتی: "پەیامی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک گەیشتووەتە دەسەڵاتدارانی عێراق، ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو دامەزراوەکانی عێراقمان لە کێشەی جووتیارانی کەرکووک ئاگادار کردووەتەوە، کەس دژی ئەو کەیسە رەوایە کار ناکات، بەڵام هەنگاوی کردەیی نانێن بۆ چارەسەر".
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە درز کەوتووەیە نێو گوتاری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، داواشی کرد: "سەرکردایەتی سیاسی کورد گوتاریان یەکخەن بۆ بەرگریکردن و دەربازکردنی جووتیارانی کورد لە کەرکووک لەو دۆخەی کە تێیدان".