وەزیری تەندروستی عێراق داوا لە ھاووڵاتییان دەكات ئاژەڵەکانیان لە کوشتارگەکان سەربڕن

ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق

K24 – هەولێر:

ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، رایگەیاند، ھێشتا تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بەردەوامە و بەڵام بەروارد بە ماوەکانی رابردوو باشترە. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئاژەڵەکانیان لە کوشتارگەکان سەربڕن.

ئەمڕۆ (28ـی حوزەیرانی 2023)، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، رایگەیاند، ئێستا کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون لە عێراق بەراورد بە ماوەکانی رابردوو باشترە.

ھەروەھا حەسناوی، داوای لە ھاووڵاتییان کرد لەچوارچێوەی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە سەرنەبڕن، بەڵکو لە کوشتارگەکان سەریان ببڕن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە مانگی ئایاری رابردوودا وەزارەتی تەندورستی عێراق،رایگەیاندبوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 120 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنەربوون لە عێراق تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش 20 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.

دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).

Fly Erbil Advertisment