لە سعوودیە تەقە لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکرێت

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جەددە
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جەددە

K24 – هەولێر:

لە شاری جەددەی سعوودیە لەلایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە، تەقە لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکرێت و پاسەوانێکی کونسوڵخانەکە و تەقەکەرە دەکوژرێن.

ئاژانسی هەواڵەکانی سعوودیە بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (28ـی حوزەیرانی 2023) کاتژمیر 6:45ـی ئێوارە، رووداوێکی تەقەکردن لە بەردەم کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری جەددە تۆمارکراوە.

لەلایەن خۆیەوە گوتەبێژێک بەناوی پۆلیسی ناوچەی مەککەی پیرۆزەوە ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە پارێزگای جەددە راگرتووە و چەکی بەدەستەوە بووە، هێزە ئەمنییەکان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتە، لە ئەنجامدا شەڕەتەقە لەنێوانیان روویداوە.

پۆلیسی سعوودی ئاشکرایکردووە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەتەقەیەدا لە بەردەم کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جەددە، تەقەکەرەکە کوژراوە و یەکێک لە پاسەوانەکانی کونسوڵخانەکەش کە بە رەگەز نیپاڵییە برینداربووە و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

هاوکات جەخت لەسەر دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان کراوە بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی ئەو رووداوە و بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا کارێکی تیرۆریستی بووە یان تەنیا رووداوێکی ئاسایی بووە لە ئەنجامی لێتێنەگەیشتنی نێوان تەقەکەرەکە و هێزە ئەمنییەکانی کونسوڵخانەکە.

ئەمە یەکەم رووداوی تەقەکردن نییە لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جەددە و پێشتر لە هاوینی ساڵی 2016 رووبەڕووی هەوڵێکی هێرشی خۆکوژی بووەوە، هەروەها لە کانوونی یەکەمی 2004 و ئایاری 2006 دووجاری دیکە هەوڵی تەقەلێکردن بووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023) یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز بوو کە ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار حاجیش لە 150 وڵاتی جیهانەوە گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.