جووتیارانی مانگرتووی کەرکووک لەناو "خێمەی هیوا" جەژن دەکەن

K24 - کەرکووک
جووتیارانی کورد و تورکمانی تۆپزاوە لە رۆژانی جەژنیشدا لە مانگرتن بەردەوامن و بڕیاریانداوە لەنێو خێمەکانیان بمێننەوە.
لە سەردانێکیدا بۆ لای جووتیاران، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە جووتیارانی راگەیاند: وەکو حکومەتی هەرێم دەمامەوێت کێشەی زەوی جووتیاران بەڕێگەی دەستووری چارەسەر بکەین، بەڵام ئێمە پێشووتر ئەزموونمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە کە چەندین جار بەڵێنیداوە و بەڵینەکانی نەبردوەتەسەر.
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا جووتیارانی مانگرتووی کەرکووک لەنێو خێمەی مانگرتووان کە ناویان لێناوە (خێمەی هیوا) نوقڵ و چوکێلێتیان بە یەکتر و میوانان دەبەخشی، وەک خۆیان دەڵێن بڕیاریاندوە لە رۆژانی جەژنیشدا لە مانگرتن بەردەوام بن.
ئیبراهیم حەمزەلی، نوێنەری جووتیارانی تورکمان بە کوردستان24ی گوت: " تا ئیستا بڕیارەکانی سەردەمی بەعس لەسەر زەوییەکانمان کاری پێدەکرێ هیوادارین ئەم بڕیارانە هەڵبوەشێتەوە".
گوتیشی: "پەرلەمانتارانی کورد و تورکمان لە پەرلەمانی عێراق بەڵینیانداوە لە دوای جەژن لە دانیشتنێکی پەرلەمان دەنگ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس بدەن".
جووتیاران جگە لە مانگرتنی بەردەوام، هیچ رێگە چارەیەکی دیکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە شک نابەن.
سامی غەفوور، نوێنەری جووتیارانی کورد لە تۆپزاوە دەڵێت: "هیچ رێگە چارەیەکی ترمان نییە و دەبێت لە مانگرتن بەردەوام بین".
بۆ پاڵپشتی جووتیاران، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی جووتیارانی کرد و پێی راگەیاندن حکومەتی هەرێمی کوردستان، رژدە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی تەواوی جووتیاران بەڕێگەی دەستوور، بۆ ئەمەش بڕیاردراوە لە دوای جەژن کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تەواوی جووتیارانی سنووری ماددەی 140 بکرێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، گوتی: "سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە کێشەی جووتیاران ئاگادارن و وەکو حکومەتی هەرێم پاڵپشتی تەواوی چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران دەکەین".
ئێستا داواکاری سەرەکی جووتیارانی مانگرتوو لە کەرکووک هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرشی حزبی بەعسە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 130 هەزار دۆنم زەویان مەترسی دەستبەسەرداگرتنی لەسەرە.