ئیستۆنیا و لاتیڤیا داوا ده‌كه‌ن فشاری كۆچبه‌ران له‌سه‌ر وڵاته‌كانیان كه‌مبێته‌وه‌

رزگارکردنی كه‌شتییه‌كى كۆچبه‌ران/ وێنه‌: ئه‌رشیڤ
رزگارکردنی كه‌شتییه‌كى كۆچبه‌ران/ وێنه‌: ئه‌رشیڤ

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا لە دووەم رۆژی لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دەبێت چاویان لەسەر ئەوەبێت چۆن فشاری کۆچبەران لەسەر وڵاتەکانیان کەمبکەنەوە.

کایا کاللاس سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا ئاماژەی بەوەدا، دەبێت مامەڵە لەگەڵ رەهەندە دەرەکییەکانی پرسی کۆچبەران بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا هاوڕان.

سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا هه‌روه‌ها گوتی: "گفتۆگۆکان لەبارەی پرسی کۆچبەران رەهەندی ناوخۆیی و دەرەکییان لەخۆگرتوون،  پێموایە هەموو هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەبێت هەمووان مامەڵە لەگەڵ رەهەندە دەرەکییەکان بکەین. لەگەڵ ئەوەی ئێستا کۆچبەران لە یەکێتی ئەوروپان کۆمەڵیک کێشەیەکی زۆر هەن دەبێت چارەسەریان بکەین. بەڵام دەبێت چاومان لەسەر ئەوەبێت چۆن فشاری کۆچبەران کەمبکەینەوە ئەوەش رەهەندێکی دەرەکییە و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین. من ئەوەندەی گوێم لێبووە لە گفتوگۆکان هیچ لایەنێک دژ نییە و هەموو هاوڕان لەسەر پرسەکە".

له‌سه‌ر هه‌مان پرس کریشیانس کارینش سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا پابەندە بەوەی تواناکانی بەرگری یەکێتییەکە بەهێزتر بکات. ئاماژەی بەوەشدا، کۆدەنگییەک لەنێوان وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەیە و دەیانەوێت بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ پرسی کۆچبەران بکەن.

قەیرانی کۆچبەران یەکێک بوو لەو بابەتانی لە لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل باسی لێوەکرا. زیاتر لەسەدا پێنجی دانیشیوانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پەنابەرن. ئەمەش یەکێتی ئەوروپای ناچارکردووە چارەسەرێک بۆ قەیرانی کۆچبەران بدۆزێتەوە.

Fly Erbil Advertisment