بەریتانیا بەنیازە بۆ رێگە گرتن لە کۆچبەران رێککەوتنێک لەگەڵ ئیتاڵیا ئەنجام بدات
K24 - هەولێر
رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەنیازە رێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ ئیتاڵیا ئەنجام بدات بۆ راگرتنی هاتنی کۆچبەران بەسەر دەریای ناوەڕاست و ناردنەوەیان بۆ باکووری ئەفریقیا.
رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی راشیگەیاند، سوناک لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسی خزمەتگوزاریی شارستانی "سیمۆن کەیس" رەوانەی ئیتاڵیا کردووە بۆ ئەوەی دوو رۆژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیتاڵیا کۆبوونەوە ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی کار لەسەر رێککەوتنێک بکەن.
سەرچاوەیەکی حکومی بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی پشتڕاستکردەوە، کە کەیس لە ئیتاڵیادایە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیاتری پێبدات.
رۆژنامەی تێلێگراف لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە رایگەیاندووە، "ئەگەر بمانەوێت سەرکەوتوو بین لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کۆچبەری نایاسایی، دەبێت لە سەرچاوەکەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکەین، هەروەها گرنگی بە بەلەمی بچووک بدەین".