ماکرۆن ئەو سەردانەی دواخست کە بڕیار بوو بۆ ئەڵمانیا ئەنجامی بدات

ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا

K24 - هەولێر:

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆكکۆماری فەرەنسا، بەهۆی ئەو رووداوانەی کە دوای کوژرانی گەنجێک بە دەستڕێژی گولـله‌ی پۆلیس تەواوی وڵاتی گرتەوە، ئەو سەردانەی دواخست کە بڕیار بوو لە رۆژانی 2-4ی تەمموز بۆ ئەڵمانیا ئەنجامی بدا.

دوای کوژرانی شۆفێرێکی گەنج بە ناوی نایل لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـله‌ی پۆلیس لە رۆژی 27ی حوزەیران لە شاری نانتێرێ، شەوانە لەو وڵاتەکەدا خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی BFMTV، بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، ماکرۆن ئەو سەردانە فەرمییەی دواخست کە بڕیار بوو رۆژانی 2-4ی تەمموز بۆ ئەڵمانیا ئەنجامی بدات.

لەو روونکردنەوەی کە لەلایەن کۆشکی ئەلیزە'وە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە، ماکرۆن و سەرۆكکۆماری ئەڵمانیا، فرانک ڤالتەر شتاینمایەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ماکرۆن بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە، دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لە فەرەنسا بمێنێتەوە، هەروەها هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەسەر دواخستنی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئەڵمانیا.

رۆژی 27ی حوزەیران لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، لە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدابوو و گوێیان بە ھۆشداری "بوەستە"ی پۆلیس نەدا، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بەھۆی دەستڕێژی پۆلیسەوە کوژرا.

لەکاتێکدا لەبارەی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد، کاردانەوە بەرامبەر بە مردنی نایل نیشان درا، لە شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری وڵات خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵ پۆلیسدا پێکدادان دروست بوو.