ره‌وتی سه‌در سوپاسی كه‌ناڵی كوردستان24 ده‌كات

K24 - هەولێر:
له پۆستێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، كه به‌ناوی ساڵح محه‌ممه‌د عێراقی، ناسراو به وه‌زیری سه‌در بڵاوكراوه‌ته‌وه، ره‌وتی سه‌در سوپاسی ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی ئاسمانیی كردووه، كه رووماڵی خۆپیشاندانه‌كانی رۆژی هه‌ینیان له شاری به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقیان كردووه، له‌ناویشیان كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان 24ـیش هه‌یه.
رۆژی هه‌ینی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی له شاری به‌غدا له دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز له‌لایه‌ن په‌نابه‌رێكی عێراقییه‌وه له وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو، كوردستان بیست و چاریش وه‌ك هه‌میشه كه پێشه‌نگی رۆماڵكردنی رووداوه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه، له ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كه تا بڵاوه‌پێكرانی له رۆماڵی به‌رده‌وامدا بوو.
له تویتێكی دیكه‌شدا له‌باره‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ناڕه‌زایه‌تی خۆی له‌وه نیشاندا، كه به‌شێك له كه‌ناڵه عێراقییه‌كان رۆماڵی خۆپیشاندانه‌كه‌یان نه‌كردووه، به‌تایبه‌ت كه‌ناڵه شیعه‌كان و به كه‌ناڵی میلیشیاكان ناویان ده‌بات و ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌ناڵانه ته‌نیا خزمه‌تی نه‌یارانی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن.