راوێژکاری ئەڵمانیا: نابێت رێگە بە دەربڕینی رق و کینە لە دژی موسڵمانان بدرێت

ئۆلاف شۆڵز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا
ئۆلاف شۆڵز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا

K24 - هەولێر: 

ئۆلاف شۆڵز راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاند، نابێت رێگە بە رەگەزپەرستی، دژە جوولەکە و رق و کینە لە دژی موسڵمانان بدرێت.

شۆڵز بە بۆنەی 1ی تەمموز رۆژی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی دژی موسڵمانان پەیامێکی لە تویتەر بڵاوکردەوە.

شۆڵز بە ئاماژەدان بەوەی کە رەگەزپەرستی لە ئەڵمانیادا راستییەکە و جەختیشی لەوە کردەوە، كه‌ پێویستە پێکەوە بەسەر ئەمەدا "زاڵبین".

شۆڵز راشیگەیاند، ھەوڵدەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی و گوتی: "نابێت رێگە بە رەگەزپەرستی و دژە جوولەکە و ڕق و کینە لە دژی موسڵمانان بدرێت".

لەلایەکی دیکەش وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، نانسی فایسەر رایگەیاند، کە لەو پێنج ملیۆن و 500 ھەزار موسوڵمانەی کە لە وڵاتەکەیدا دەژین، زۆربەیان لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەڕووی جیاکاریی دەبنەوە.

بەپێی وەڵامێکی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ پرسیارێکی پارتی چەپ، لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تا مانگی نیسانی ئەمساڵ 124 تاوانی دژبە ئیسلام لە ئەڵمانیا ئەنجامدراوە.

راگەیەندرا، کە تاوانەکان بریتی بوون لە ھێرشکردنە سەر مزگەوتەکان، ھاندانی خەڵک، بریندارکردن، سووکایەتیکردن، ھەڕەشەکردن، زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵ یان بەکارھێنانی ھێمای نادەستووری.

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. ئه‌و ره‌فتاره‌  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقییە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی توندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوێد بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق توندترین هەڵوێست روویدا و خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.

Fly Erbil Advertisment