سەرۆکی بێلاڕووس داوا لە ڤاگنەر دەکات راهێنان بە سوپای وڵاتەکەی بکات

سوپای بێلارووس
سوپای بێلارووس

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی بێلتا، سەرۆکی بێلاڕووس، لە وتارێکیدا، کە بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیەوە پێشکەشی کرد، داوای لە گرووپی ڤاگنەر کرد کە مەشق و راهێنان بە سوپاکەی بکات.

ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس، لە وتارەکەیدا گوتی: "بەداخەوە گرووپی ڤاگنەر لێرە نین و ئەگەر راهێنەرەکانیان بێن، وەک پێشتر پێم گوتوون و ئەزموونی شەڕکردنمان بۆ بگوازنەوە، ئەوا ئەم ئەزموونە قبوڵ دەکەین".

بەگوێرەی کەناڵی سی ئێن ئێن، ئەو بانگەوازەی لۆکاشینکۆ تەنها هەفتەیەک دوای دەستوەردانەکەی دێت لە پووچەڵکردنەوەی هەڵگەڕانەوەی چەکداری کە لەلایەن هێزەکانی ڤاگنەرەوە دژی مۆسکۆ دەستیپێکردبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد: " لە ئەندامانی گرووپی ڤاگنەر ناترسێت، چونکە دەمێکە دەیانناسێت، ئەمانە کەسانێکن کە لە هەموو جیهاندا شەڕیان کردووە بۆ دامەزراندنی شارستانیەت، رۆژئاواش رقیان لێیە".

لوکاشینکۆ دەشڵێت: جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی و سەربازی جیهانی بووەتەوە کە قەبارەیەکی بێ وێنەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، گوتیشی، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکای پۆڵۆنیا بە خێرایی پڕچەک دەکەن.

جەختیکردەوەوە، کە رۆژئاوا دەیەوێت پۆڵەندا بکاتە گۆڕەپانی مەشق و راهێنانی بە وەکالەت بۆ بەکارهێنان لە دژی بێلاڕووس و رووسیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژئاوا دەیەوێت شوێنێکی دیکەی گرژیی و قەڵایەکی دیکەی شەڕانگێزی لەلایەن شەڕانگێزترین وڵاتی جیهانەوە دروست بکات.

Fly Erbil Advertisment