ئاماری رۆژانی جەژنی قوربان لە هەولێر؛ 35 تاوان و هەشت رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

K24 - هەولێر

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان، هەشت رووداوی هاتووچۆ و 35 تاوان لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون. هاوکات ئاماژە بە هاتنی نزیکەی 144 هەزار گەشتیار بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگاکە دراوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـیە تەممووزی 2023، راگەیاندنی پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی پلانى ئەمنی و ئامارەکانی هەر چوار رۆژی جەژنى قوربان لە سنووری پارێزگاکە بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە، ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکە ئامادەکاری بۆ کرابوو، وەکو خۆی بە سەرکەوتوویی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران، رووداوەکانی رۆژانی جەژنی قوربانى، لە سنووری پارێزگای هەولێر بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:

یەکەم: گەشتوگوزار

بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، پلانی گەشتوگوزار، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزار ئامادەکرابوو، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و پێدانی ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شار و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بە دواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاریی، ئەوە جگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانت و جێشتخانەکان و پێدانی ڕێنمایی بۆ کردنەوە و پیشوازیکردنیان لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژن. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی لەوماوەیەدا سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە ( 143 هەزار و 921) سەد و چل و سێ هەزار و نۆسەد و بیست و یەک گەشتیار.

دووەم: ئاسایشی هەولێر

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێکرا و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

سێیەم: پۆلیس

سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربانى پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، ( 35 ) تاوان تۆمارکراوە، ( 26 ) تاوان ئاشکراکراوە، (9) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

چوارەم: هاتووچۆ

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (8) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا، لە ئەنجامیاندا ( 8 ) کەس بریندار و ( 1 ) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا.

پێنجەم: بەرگریی شارستانی

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (9) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و (1) ڕووداوى خنکان و (2) حاڵەتى ڕزگار کردن هەبووە.

شەشەم: تەندروستى

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیى تەندروستى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەو ماوەیەشدا کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە ( 5,515 ) نەخۆش بووە، ( 6 ) حاڵەتى سووتان و ( 226 ) حاڵەتى ڕووداوى جۆراوجۆر و ( 1 ) منداڵ بوون و ( 425 ) نەشتەرگەرى بچووک و ( 1 ) حاڵەتى تووشبوون بە نەخۆشى پەتاى خوێن بەربوون هەبووە.

حەوتەم: سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر

تەواوی بڕگەکانی پلانی سەرۆکایەتى شارەوانیى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە ڕۆژانى جەژن (35) شوێن ئامادەکرابوون بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی، تەنها لە ڕۆژانى جەژنیشدا بڕی ( 560 ) تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و (6000) تۆن زبڵ و پاشماوەى دیکەى هاوڵاتییان لەلایەن کرێکارانى ژینگە پارێزى کۆکرایەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەر کرا.

هەشتەم: گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر

لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر و بەبۆنەى جەژنى قوربانى پیرۆز تەنها لە ڕۆژانى جەژن ( 1,872 ) ئاژەڵ کراوەتە قوربانى کە (513) یان ئاژەڵى گەورە و (1,359) شیان ئاژەڵى بچووک بوونە.