مانگی رابردوو 55 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا خنکاون

تیمێکی فریازگوزاری تەرمی یەکێک لە قوربانییەکان دەردەهێنێت - وێنە: میدیاکانی تورکیا
تیمێکی فریازگوزاری تەرمی یەکێک لە قوربانییەکان دەردەهێنێت - وێنە: میدیاکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و رووکردنە دەریا و مەلەوانگەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، 55 کەس خنکاون کە نیوەی ئەو ژمارەیەش لە رۆژانی جەژنی قورباندا تۆمارکراوە.

بە گوێرەی ئاماری میدیا فەرمییەکانی تورکیا، (1ـی حوزەیران بۆ 1ـی تەمموز)، 55 کەس بەمەبەستی خۆفێنککردنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە مەلەوانگە و دەریاچە و سەرچاوەکانی ئاو خنکاون و گیانیان لەدەستداوە و زۆربەی حاڵەتەکانیش لە رۆژانی جەژنی قورباندا تۆمارکراوە.

هەرچەند بەپێی پلانێکی حکومەتی تورکیا، لە وەرزی گەرمادا، تیمەکانی ئافاد و پۆلیس بەشێوەیەکی بەردەوام ئاگاداری خەڵک دەکەنەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە شوێنە قەدەغەکراوەکان بۆ مەلەکردن بەهۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانیان.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، زۆرترین حاڵەتی خنکان لە 29 حوزەیراندا تۆمارکراوە کە دووەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، کە لە دیاربەکر و دیلۆک چوار کەس، لە کرکلارئێلی سێ کەس و لە رەحا و مێرسینیش 11 کەس خنکاون.

زانیارییەکان ئەوەشیان روونکردووەتەوە، ئەوانەی خنکاون زۆربەیان تەمەنیان لە 20 ساڵ بچووکترە و ژمارەیەک لە قوربانییەکانیش خەڵکی عێراق و سووریان و دانیشتووی تورکیان.

Fly Erbil Advertisment