پۆڵەندا ژمارەیەک سەربازی دیکە رەوانەی سنوورەکانی بێلارووس دەکات

دوو سەربازی پۆڵەندی
دوو سەربازی پۆڵەندی

K24 - هەولێر:

ماریۆ کامینیسکی وەزیری ناوخۆی پۆڵندا رایگەیاند، بەمەبەستی بەهێزکردنی سنوورەکانیان و رێگریکردن لە دزەکردنی پەنابەرانی نایاسایی، 500 سەربازی دیکە رەوانەی سنوورەکانی بێلارووس دەکەن.

وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا باسی لەوەشکرد، ئەو 500 سەربازەی رەوانەی سنوورەکانی بێلاڕووس کراون، سەر بەیەکەی رووبەڕوبوونەوەی تیرۆرن و رووبەڕووی هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەبنەوە کە لە سنوورەکانی بێلاڕووسەوە بکرێتە سەریان.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پۆڵەندا باس لەوەدەکەن، ئامانج لە ناردنی ئەو سەربازانە بۆ سنوورەکانی بێلاڕووس، ترسە لە جوڵەکانی گرووپی ڤاگنەر، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەو گرووپە بۆ بیلاڕووس گواسترانەوە.

لە ئێستادا نزیکەی پێنج هەزار سەرباز و دوو هەزار پاسەوانی سنوور، لە سنوورەکانی نێوان پۆڵندا و بێلاڕووس جێگیرکراون.

پۆڵەندا کە دراوسێی ئۆکرانیایە، لە 1999 بووەتە ئەندامی ناتۆ و لە 2004ـەوە ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا، بەشێكی گەورەی هاوکارییەکانی وڵاتان بۆ ئۆکرانیا، لەرێگەی پۆڵەنداوە دەگەن بە ئۆکرانیا، هاوکات ئێستا بە نزیکەیی 10 هەزار سەربازی ئەمەریکی لەو وڵاتە جێگیرکراون.

لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هەیە و لە شاری کراکۆو کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا بوونی هەیە و لە شاری پۆزنان دەزگای کونسوڵگەری ئەمەریکا هەیە.

Fly Erbil Advertisment