بەرپرسێکی رووسیا: کشانەوەی هێزەکانی ڤاگنەر کاریگەری لەسەر توانای شەڕکردنی مۆسکۆ نییە

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی سەربازیی رووسیا رایگەیاند، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ڤاگنەر لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر تواناکانی شەڕی رووسیا نییە.
ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی رووسیا لە زاری جەنەڕاڵ ئەندرێ کارتاپۆلۆڤ سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی رووسیا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، کشانەوەی گروپی ڤاگنەر لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا لە ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر تواناکانی شەڕی رووسیا نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئاسایی رووسیا توانی بەبێ چەکدارانی ڤاگنەر هێرشێکی نوێی ئۆکرانیا بەرپەرچ بداتەوە.
حکومەتی رووسیا نیازی خۆی بۆ زیادکردنی مووچەی سەربازانی سوپای رووسیا راگەیاند، ئەمەش دوای چەند رۆژێک دێت لە یاخیبوونی چەکدارانی گروپی ڤاگنەرەوە، لە فەرمانێکی حکومەتی رووسیادا دەرکەوتووە کە مووچەی سەربازانی سوپای رووسیا بە رێژەی لەسەدا 10.5 زیاد دەکات، بڕیارەکەش لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە.
دوای یاخیبوون، سەرکردەی ڤاگنەر ڕووی کردە بیلاڕووس، لەکاتێکدا بەشێک لە هێزەکانی لە ئۆکرانیا مانەوە، بەڵام ئەرکی شەڕکردن ئەنجام نادەن، وەک چۆن لە شەڕەکانی سۆلیدار و باخموتدا ئەنجامیاندا.