رووسیا میدیاکانی سەر بە گرووپی ڤاگنەری داخست

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری ماڵپەڕێکی سەر بە گروپی میدیایی یەڤگێنی پریگۆژین رایگەیاند، گرووپەکە کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت و تیشک دەخاتە سەر تێکچوونی بارودۆخی سەرۆکی گرووپی سەربازیی تایبەتی ڤاگنەر.
بەپێی رێککەوتنێک کە کۆتایی بە یاخیبوونەکە هێنا، رووسیا رێگەی بە پریگۆژین دا، بچێتە وڵاتی بێلاڕووس، هەروەها بژاردەی بە پیاوەکانی ڤاگنەریشدا کە پەیوەندییان پێوە بکەن، تێکەڵ بە هێزە سەربازییەکانی رووسیا بن، یان بگەڕێنەوە ماڵەوە.
ڕۆژنامەی کۆمێرسانتی رووسیا رایگەیاند، کە دەزگای چاودێری پەیوەندییەکانی رووسیا رێگری لە میدیاکانی سەر بە پریگۆژین کردووە، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستووەتە روو.
هەروەها میدیاکانی رووسیا باسیان لەوە کردووە، کە مۆسکۆ گرووپێکی کاریگەری سۆشیال میدیای هەڵوەشاندووەتەوە کە گوایە پریگۆژین بۆ کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی لە وڵاتانی دەرەوە بەکار هێناوە، لەنێویاندا ئەمەریکا.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا پریگۆژین زوبارێڤ، بەڕێوەبەری میدیای "ریا فان"ستایشی تۆماری پاتریۆت میدیای کردووە و رایگەیاندووە، بەرگری لە پریگۆژین و پوتن کردووە لە بەرامبەر رەخنەکانی نەیارانی کرێملین، وەک ئەلێکسی ناڤالنی ئۆپۆزسیۆنی زیندانیکراو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گروپی پاتریۆت "دژی ئەلێکسی ناڤالنی و نوێنەرانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن کاریان کردووە کە زۆر هەوڵیانداوە وڵاتەکەمان لەناوببەن".
سەرەڕای یاخیبوونە شکستخواردووەکە، دەسەڵاتدارانی رووسیا بە فەرمی گروپی ڤاگنەریان قەدەغە نەکردووە، بەڵام پوتن، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لە کاروباری دارایی پریگۆژین دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ڤاگنەر و دامەزرێنەرەکەی ساڵی رابردوو نزیکەی دوو ملیار دۆلاریان لە رووسیا وەرگرتووە.
وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا، ماریوس کامینسکی، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، کە وڵاتەکەی کارمەندی پۆلیسی زیاتر لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ بێلاڕوس جێگیر دەکات، بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوچەکە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پلانەکانی گروپی ڤاگنەر بۆ دامەزراندنی بنکەیەک لەسەر سنوور، کە 500 پۆلیسی زیادە کە ئەندامانی یەکەی دژە تیرۆریشیان تێدایە، پشتیوانی لە پێنج هەزار پاسەوانی سنوور و دوو هەزار سەرباز دەکەن کە لە ئێستاوە بەدرێژایی سنووری وڵاتەکەدا جێگیر کراون.
پۆڵەندا سنوورێکی 418 کیلۆمەتری لەگەڵ بێلاڕووسی هاوپەیمانی رووسیا هاوبەشە.
ئێوارەی رۆژی 23ی حوزەیران، پریگۆژین، دژی سوپای رووسیا هەڵگەڕایەوە و چووە ناو شاری رۆستۆڤی رووسیا، دواتر سەرۆکی بێلارووس، ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ، توانی پریگۆژین رازی بکات و یاخیبوونەکەی بوەستێنێت، دۆخەکە ئارام بێتەوە.