پریگۆژین پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر
دوای ئەوەی گرووپی ڤاگنەر هەوڵی هەڵگەڕانەوەی دا، بەرامبەر سوپای رووسیا، بەڵام هەوڵەکەی شکستی هێنا و لەسەر داوای سەرۆکی بێلا رووس چووە ئەو وڵاتە.
لە ئێستادا هیچ باسێک لە میدیاکانی رووسیا لەسەر ئەو پیاوەدا نییە، هەروەها شوێنی ئەویش نازانرێت، بەڵام ئێوارەی رۆژی دووشەممە، سەرکردەکەی ڤاگنەر بە تۆمارێکی دەنگی دەرکەوت کە لە تێلێگرام بڵاویکردەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی پۆلیتیکۆ، پریگۆژین، لە رێگەی تۆمارێکی دەنگییەوە، سوپاسی لایەنگرانی کرد بۆ پشتگیریکردنیان لە هەڵگەڕانەوەکەی ئەم دواییەیدا بەرامبەر بە سوپای رووسیا.
گوتیشی: بزووتنەوەکەی مەبەستی گۆڕینی حکومەت نییە لە رووسیا و بەڵکو "بەرەنگاربوونەوەی خیانەتکارانە".
ئەمە دووەم دەرکەوتنی پریگۆژینە، دوای ئەوەی لە 26 حوزەیران لە کەناڵە تایبەتەکانی لە تیلیگرام بەیاننامەیەک بڵاوکرایەوە، کە تیایدا رۆیشتنی خۆی راگەیاند بۆ ئەوەی رێگری لە رژانی خوێن بکات.
پریگۆژینی تەمەن 62 ساڵ لە پاڵەوانێکەوە گۆڕا بۆ دوژمنی ژمارە یەک لە رووسیا، دوای ئەوەی لە 23ی حوزەیران، سەرکردایەتی یاخیبوونێکی چەکداری کرد کە 36 کاتژمێری خایاند، کە تێیدا دەستی بەسەر شاری رۆستۆڤ لە باشووری وڵاتەکەدا گرت و هێزەکانی پێشڕەویان کرد تاوەکو دووری 200 کیلۆمەتر بۆ مۆسکۆ.