ئێران: پۆلیسی ئەلبانیا 200 کۆمپیوتەری موجاهیدینی خەڵقی رادەستی ئێمە کردەوە

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەلبانیا ئەو کۆمپیوتەرانەی "موجاهدین خەلق"ی رادەستی ئێران کردووە کە هەفتەی رابردوو لەلایەن پۆلیسی ئەلبانیاوە دەستی بەسەردا گیرابوون.
لە 20ی حوزەیران، رێکخراوی موجاهدینی خەڵق رایگەیاند، لە کاتی هەڵمەتێکی پۆلیسی ئەلبانی بۆ سەر "کەمپی ئەشرەف 3" ئەندامێکیان کوژراوە، هەروەها دەستیان بەسەر 200 کۆمپیوتەریشدا گرتووە.
سەبهەر خەلجی، سەرۆکی لیژنەی راگەیاندن لە سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند، "بەشێک لە کۆمپیوتەر و هارد دیسکەکان لە ئەلبانیاوە گەیشتووەتە دەستمان، ئێمەش کار بۆ وەرگرتنەوە و شیکردنەوەی داتاکان و دەستنیشانکردنی تۆڕی پەیوەندییەکان و شانەکانی لەناوبردن و خاڵە نهێنییەکان دەکەین".
خەلجی گوتیشی: "کۆمپیوتەرەکان لەژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداران دایە،تاوەکو ئەنجامەکانیش تا ئێستا گەشبینن".
رێکخراوی موجاهدینی خەڵق، لەراگەیەندراوێکدا، داوای وەڵامدانەوەی حکومەتی ئەمەریکا و ئەلبانیای بۆ راگەیاندنەکەی تاران کرد.
رێکخراوەکە هۆشدارییشی داوە لە هەر هاوکارییەک لەگەڵ حکومەتی ئێران، کە کاردانەوەی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی کەسوکاری زیندانییەکانی لە ئێراندا لێبکەوێتەوە.
پۆلیسی ئەلبانیا رایگەیاندووە، گەڕانیان لە کەمپی ئەشرەف 3 ئەنجامداوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامانی موجاهدینی خەڵقە کە گومانیان لێدەکرێت پلانی هێرشی ئەلیکترۆنی دژی دامەزراوە بیانییەکان دابڕێژن.
میدیاکانی ئەلبانیا بڵاویان کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان ئەنجام دراون و ئاماژەیان بەوە کردووە، کە پۆلیس دەستی بەسەر کۆمپیوتەر و هاردیسکەکاندا گرتووە، هەروەها شەش سەرکردەی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقیش تۆمەتبارکران.
دوای رووداوەکە، محەممەد جەعفەر مونتەزری، داواکاری گشتیی ئێران، باسی لە ئامادەکردنی 700 تۆمەتبارکردن و لیستی ناوی تیرۆریستان لە رێکخراوەکە کرد.