سەرۆکی پارتێکی نەرویجی لەناو فڕۆکەخانە دزی دەکات

K24 - هەولێر
پەرلەمانتاری نەرویجی "بیۆرنار مۆکسنێس" کە هاوکات سەرۆکی پارتی "سوورەکان"ـە کە پارتێکی چەپی نەرویجیە، لە کامێرایەکی چاودێری وێنەی دەگیرێت لەوکاتەی چاویلکەیەک لە دوکانێکی ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی گاردەرمۆن لە ئۆسلۆی پایتەخت دەدزێت.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دوێنێ رۆژنامەی ناوخۆیی نەرویجی (ڤی جی) لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاویکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، بیۆرنار مۆکسێنسی تەمەن 41 ساڵ، کە سێ هەزار کرۆنی نەرویجی غەرامە کراوە، کە یەکسانە بە 282 دۆلار، وەک سزایەک بۆ ئەو کارەی کردوویەتی.
بیۆرنار باوکی دوو کوڕە ساڵێک لەمەوبەر لە ژنەکەی جیابووەتەوە، لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئەو پەرلەمانتارە چاویلکە دەخاتە سەر چاوەکانی و زیاتر لە جارێک لەبەردەم فرۆشیارێکی فرۆشگاکە تاقیدەکاتەوە، کاتێکیش دڵنیا دەبێت چاویلکەکە لەگەڵی دەگونجێت، لەسەر عەرەبانەکەی دانا کە جانتای سەفەرەکەی لەسەر بوو، لەو ساتەدا فرۆشیارەکەی جێی هێشت، چونکە پێی وابوو دەچێتە لای کاشێر بۆ ئەوەی پارەی بدات، بەڵام ئەو نەیکرد، بەڵکو چاویلکەکەی خستە ناو گیرفانی پشتەوەی.
زۆری نەخایاند، ئیدارەی فرۆشگاکە پەیوەندی بە ئاسایشی فڕۆکەخانەوە کرد، کاتێکیش رێگرییان لێکرد، پێی گوتن کە بەنیازی دزینی نییە، بەڵکو بە هەڵە چاویلکەکانی خستۆتە ناو گیرفانیەوە.
بەڵام بەڕێوەبەرایەتی فرۆشگاکە متمانەی بەو قسانەی نەکرد و پۆلیسی بانگهێشت کرد، کە لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵیدا ئەنجام دا، بە داوای لێبوردنێک کۆتایی هات، دواتر لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی رادیۆی گشتی NRK، دا و گوتی: "پێموابوو چاویلکەکەی منە، هەر کە هەستم بە هەڵەکە کرد، تووشی شۆک بووم و نیگەران بووم لەوەی ئەگەر بگەڕێمەوە، تووشی ئابڕوچوون دەبم.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی چاویلکەکە لە میدیاکان و سایتەکان ناوخۆییەکان، سکرتێری حزبەکە، ڕێیدەر ستریسلاند، رایگەیاند، فشارەکانی رووداوەکان کاریگەرییان لەسەر مۆکسنێس هەبووە و حزبەکە مۆڵەتی دوو هەفتەی پێبەخشیوە، لەوکاتەشدا جێگرەکەی، ماری سنیڤ مارتینوسن، وەک سەرۆکی بە وەکالەت شوێنی ئەوە دەگرێتەوە و کارەکانی رایی دەکات.
پارتی "سوورەکان" 16 ساڵ لەمەوبەر لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستەکانی نەرویج دامەزرا، سەرەڕای پابەندبوونییان بە کۆمۆنییست، لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی ساڵی 2021 لە کۆی 169 کورسی هەشت کورسی بەدەستهێنا.