پێشەوا هەورامانی بووە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر
پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بووە گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. جووتیار عادل وەکو سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، وەکو یەک تیم لەگەڵ گوتەبێژی نوێی حکومەت کاردەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، جووتیار عادل، گوتەبێژی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ پێشەوا هەورامی وەکو گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێم دەستبەکاردەبێت و، ئەویش وەکو سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە کارەکەی بەردەوام دەبێت.
جووتیار عادل: من و پێشەوا هەورامانی تەواوکەری یەکتر دەبین
وەکو ئەوەی جووتیار عادل ئاماژەی پێ دا، خۆی پێشنیاری بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، پۆستی سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەیەکدی جیابکرێنەوە، بۆ ئەوەی باشتر کارەکان راییبکرێن و زۆرترین هەواڵ و زانیاری لەبارەی کار، چالاکی و پڕۆژەکانی حکومەت بخرێنەڕوو.
جووتیار عادل، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری زانستە سیاسییەکاندا هەیە، پێشتر وەکو مامۆستا و سەرۆک بەش لە زانکۆی سەڵاحەددین کاری کردووە. دوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019؛ وەکو گوتەبێژی کابینەی نۆیەمی دەستبەکاربوو، هاوکات لەو کاتەوە تا ئێستا سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریشە.
بەگوتەی جووتیار عادل، دوای پەسەندکردنی پێشنیارەکە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی دەرکردووە بە دەستبەکاربوونی پێشەوا تاهر هەورامانی وەکو گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بۆ ئەوەی ئێمە (جووتیار عادل و پێشەوا هەورامانی) بتوانین پێکەوە ئەرکی حکومەت و کار و چالاکییەکانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بخەینەڕوو."
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری پاڵپشتیی تەوای فەرمانگەکەی بۆ گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، "ئێمە هەردووکمان تەواوکەری یەکتر دەبین بۆ ئەو ئامانجانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی بە پاڵپشتی سەرۆکوەیزان مەسرور بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جووتیار عادل رایگەیاند، ئێستا ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری کۆبوونەتەوە و کاردەکەن. فەرمانگەکە وەکو خۆی باسی کرد، "بەرنامە و پڕۆژەی زۆری هەیە بۆ فراوانکردن، پێشخستنی و دەرکەوتنی وەکو کەناڵێکی فەرمی حکومی، کە ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی داهاتووی ئەم فەرمانگەیە، کارێکی ئاسان نییە و ئەرک و بەرپرسیارییەکی گەورەیە."
پێشەوا هەورامانی: رێزێکی زۆر لە کارەکانی جووتیار عادل دەگرین
لای خۆیەوە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند، وەکو یەک تیم لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری کاردەکەن و دەیانەوێت "پەیوەندییەکی باش و توندتوڵمان هەبێت" لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن، "لەسەر بنەمای گواستنەوەی هەواڵ بە شێوەیەکی دروست".
پێشەوا هەورامانی سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد کە وەکو گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانیکردووە و بە "ئەرکێکی قورس و متمانەیەکی گەورە" ناوبرد. هاوکات روونیشیکردەوە، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا کۆنگرەی رۆژنامەوانی دیکەیان دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی کار و چالاکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی پێشەوا هەورامانی، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، جووتیار عادل وەکو گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری "کاری زۆر باشیان کردووە، وردەکارییان لەبارەی کار، چالاکی و پڕۆژەکانی حکومەت خستووەتەڕوو و هاوکاری باشی دەزگاکانی راگەیاندن بووە، بۆیە زۆر رێز لە کارەکانی دەگرین و پێکەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن".
پێشەوا تاهر هەورامانی، گوتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991 لە شاری هەڵەبجە لە دایک بووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەددینە و 11 ساڵ کاری میدیای (بینراو، بیستراو و خوێنراو)ـی کردووە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان، بووە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی. هاوکات وەکو گوتەبێژی فراکسیۆنەکەش لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا کاری کردووە.