میدڤیدیڤ: ده‌كرێت هه‌ر جه‌نگێك به‌ ئاشتی یان به‌ چه‌كی ئه‌تۆمی كۆتاییپێبهێنرێت

دیمیتری میدڤیدیڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی رووسیا
دیمیتری میدڤیدیڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی رووسیا

K24 – هەولێر: 

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی رووسی رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌كرێت هه‌ر جه‌نگێك به‌خێرایی كۆتایی پێ بهێندرێت یان به‌ ئاشتی یانیش به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی وه‌ك چۆن ئه‌مه‌ریكا ساڵی 1945 هه‌مان ئه‌و كاره‌ی بۆ كۆتاییپێهێتان به‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانی ئه‌نجام دا.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 5ـی ته‌ممووزی 2023) دیمیتری میدڤیدیڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی رووسی رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هاوكارییه‌كانیان بۆ ئۆكرانیا رابگرن، له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا كۆتایی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ ئۆكرانیا دێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ میدیاكانی رووسیا بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانی سوپای رووسیا له‌ نزیك شاری باخموت هێرشیان كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر سێ گرووپی سه‌ربازی سوپای ئۆكرانیا.

له‌لای خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ نه‌داوه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هێزه‌كانی رووسیا له‌ژێر فشاری هێزه‌كانی ئۆكرانیا له‌ گوندی كڵیشیڤكا له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی باخموت كشاونه‌ته‌وه‌. هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی رووسی به‌ میدیاكانی رووسیای راگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانیان توانیویانه‌ وه‌ڵامی هێرشێكی سوپای ئۆكرانیا بده‌نه‌وه‌ له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی باخموت، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كردووه‌، هێزه‌كانیان كۆتایی به‌و هێزانه‌ی ئۆكرانیا ده‌هێنن، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ماون.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە 24ـی شوباتی 2022 لە پەیامێکدا شەڕی دژی ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێکرد، لەوکاتەوە تائێستا شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە کە زیانی زۆری بەر ئابووری جیهان گەیاندووە.