نیازی خالید: %60ـی ناوچە پیسبووەکان بە مین لە هەرێمی کوردستان پاکراونەتەوە

K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی دەزگای مینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لە چوار ساڵی رابردوو هەزاران مەتر دووجا زەوی لە مین پاکراونەتەوە، هاوکات دەشڵێت: دەزگای مین توانیوەتی %60ـی ناوچە پیسبووەکان بە مین لە هەرێمی کوردستان پاکبکاتەوە.
نیازی خالید، جێگری سەرۆکی دەزگای مین، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، نزیکەی 260 کیلۆمەتر دووجا لە هەرێمی کوردستان ماوە لە مین پاکبکرێتەوە، هەروەها پاکردنەوەشی پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح و تایبەتە، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانەی کە ماون سەخترن لەچاو ناوچەکانی پێشوو.
هاوکات دەشڵێت: دەزگای مین توانیوەتی لە %60ـی ناوچە مینڕێژکراوەکانی هەرێمی کوردستان پاکبکاتەوە.
جێگری سەرۆکی دەزگای مین، گووتی: "نووسراومان کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ تەرخانکردنی ئۆتۆمبێل بۆ دەزگاکەمان، داوامان کردووە 124 ئۆتۆمبێلمان بۆ بکڕدرێت، کە نرخەکەی بە زیاتر لە پێنج ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، هەروەها خەرجی ساڵانەی ئەم ئۆتۆمبێلانە زیاترە لە ملیارێک دینار بۆ پێداویستییەکانی سووتەمەنی و دابینکردنی شۆفێر و خەرجی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان".
گووتیشی: "لەبری ئۆتۆمبێل کڕین ئەگەر هاتوو بەکرێ بۆمان بگیرێت، خەرجی ساڵانەی بە زیاتر لە دوو ملیار دینار دەخەمڵێندرێت".
باسی لەوەشکرد، "دەمانەوێت لەرێگەی کڕینی ئۆتۆمبێلەوە خەرجییەکان کەمبکەینەوە".
نیازی خالید، لەبارەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لەکابینەی نۆیەمدا باشترین پاڵپشتی ئەم دەزگایە کراوە، هەروەها زۆرترین داواکاری ئەو دەزگایە لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکراوە.