گۆڕانکارییەکانی سوودانی لە دەزگا ئەمنییەکاندا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەش دەگرێتەوە

K24 - هەولێر
سەرچاوەکانی حکومەتی عێراق پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە، کە گۆڕانکارییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لە پۆستە باڵاکاندا ئامانجی ئەوەیە، کەسی نوێ بخاتە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە و کە هیچ روخسارێکی سیاسییان نییە.
سەرچاوەکان ئەوەشیان راگەیاند، کە ئۆفیسی سوودانی هەفتەیەکە بیر لەوە دەکاتەوە، ئەو گۆڕانکارییانە ئەنجام بدات، چونکە سەرۆک وەزیرانپێویستی بە ئاسایشێکی جێگیر هەیە، بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لەسەر خستنی بەرنامەی کاری حکومەتدا.
هەرچەندە هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق گۆڕانکاریان لە پۆستە ئەمنییەکان کردووە، بە ئامانجی گەیشتن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیدگاکانی سەرۆکوەزیران، بەڵام بڕیارەکانی ئەم دواییەی سوودانی نوێنەرایەتی تەسفیەکردنی ئەو کەسانە دەکات کە مستەفا کازمی دایناون، بە گەڕاندنەوەی بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی.
لەو چوارچێوەیەدا، مشتومڕێکی سیاسی گەورە لەسەر دووبارە دەستبەکارکردنەوەی ئەبو عەلی ئەلبەسری هەیە، کە لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا پۆستێکی باڵای لە دەزگای هەواڵگریدا هەبووە و لەو کاتەدا رەخنەی توندی لێگیرا بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری 2019دا ئەنجامیدا.
بەڵام ئەم مشتومڕە دەنگدانەوەی نەبووە لە هۆڵەکانی حزبە کاریگەرەکانی شیعەدا، کە دەستیان کردووە بە پرسیارکردن سەبارەت بەو هاوکێشە سیاسییەی کە ئەم گۆڕانکاریانە دەسەپێنن، بەشێک لەو پرسیارانە پەیوەندییان بەو کێبڕکێیە چڕەوە هەیە کە لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان دوای پێنج مانگی دیکە، ئەنجام دەدرێت.
سەرکردەی یەکێک لە حزبە شیعەکان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا دیارنیە، بەڵام ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە سەرۆک وەزیران هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک سەرۆکوەزیران بەهێزتر بکات، بە کۆنترۆڵکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان.
بەڵام سەرچاوە حکومییەکان ئاماژە بەوەدەکەن: بەشێک لە گۆڕانکارییەکان، وەک ئەوەی لە دەزگای هەواڵگریدا روویدا، پەیوەندی بە بەڵێنەکەی سوودانی بە هاوپەیمانەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن پێش هەڵبژاردنەکان کۆنتڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکان و پێگە هەستیارەکان بکەن، بەڵام سەرۆک وەزیران لە لایەکی ترەوە کاریگەری هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا کەمکردەوە، لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیدا، هاوکات هەژموونی کەسی خۆی لە دوو پۆستی ئەمنیدا بەهێزتر کرد بە دانانی کەسایەتییەکان کە لە ژێر چاودێری ئەودا کار دەکەن.
سەرکردەیەکی دیکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، نزیک لە سوودانی، پێیوایە سوودانی گۆڕانکارییە ئەمنییەکان زۆر خێراتر دەکات لە ریزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بەتایبەتی ئەو تیمە سیاسییەی کە ئامادە نییە دژایەتی خۆی بۆ سوودانی رابگەیەنێت و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان.
سەرچاوە: شەرقولئەوسەت