ئێران رهتیدهكاتهوه هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتی نەوتهەڵگری دابێ

K24 – ههولێر:
کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتیکردەوە لە گەرووی هورموز هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتی نەوتهەڵگری دابێ.
ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران (ئیرنا)، لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتە رەتیکردەوە هێزە سەربازییەکانی ئێران لە گەرووی هورموز هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان دابێ.
دوێنێ (چوارشەممە 5ـی تهمموزی 2023) تیم ھاوكینز گوتەبێژی ھێزی دەریایی ئەمهریكا لە كەنداو رایگەیاند، بەلەمە شەڕەكەرەكانی ئێران ویستوویانە دەستبەسەر دوو كەشتی نەوتھەڵگر لە گەرووی ھۆرمزدا بگرن، بەڵام دوای كاردانەوەی ئەوان ناچاركراون، دووربكەونەوە و رێگریان لێكردوون.
تیم ھاوكینز دەڵێت: كەشتییەكان بەشێوەی یاسایی بەگەرووی ھۆرمزدا تێپەریون و ھێزەكانی ئێران تەقەیان لە یەكێك لە كەشتییەكان كردووە، بەڵام دوای كاردانەوەی ئەمهریكییەكان ناچاركراون لە كەشتییەكان دووربكەونەوە.
گەرووی هورموز، کەنداوی فارس و کەنداوی عوممان بەیەکدەگەێنێت و یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانیش لەوێوە تێدەپەرێت.