له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان پڕۆسه‌ی دۆكیۆمێنتكردنی جینۆسایدی كورد له باشووری كوردستان تاووتوێ ده‌كات

K24 - هەولێر:
نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌كێكه له‌و نه‌ته‌وانه‌ی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا رووبه‌ڕووی زۆترین جینۆساید و پاكتاوی ره‌گه‌زی بووه‌ته‌وه، هه‌وڵه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌دۆكیۆمێنتكردنی ئه‌و كاره‌ساتانه به رێگا و شێوازی جۆراوجۆر له ئارادایه، به‌ڵام تا چه‌ند توانراوه و ده‌توانرێت ببنه هۆی به‌رجه‌سته‌كردنیان له لای كورد خۆی و ناساندن و ئاشناكردنیان به دنیای ده‌ره‌وه؟ به‌رنامه‌ی له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د زاوێتهیییهوه له كوردستان24 پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ ئه‌لقه‌ی ئه‌مجاره‌ی به‌رنامه‌كه‌ی به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك مامۆستای زانكۆ و ئهكادیمیس و شاره‌زایانی بواری سینه‌ما و دۆكیۆمێنتاری گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته ده‌كات و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه.
له سه‌ره‌تادا محه‌ممه‌د ئیحسان، مامۆستای زانكۆ له له‌نده‌ن ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دۆكیۆمێنتكردنی هه‌موو ئه‌و كاره‌سات و جینۆسایدانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هێنراون، پڕۆسه‌یه‌كی پێویست و گرنگه، به‌ڵام ئه‌و پڕۆسه‌یه بۆ كێ ده‌كرێت و مه‌به‌ست لێی چییه؟ ئه‌مه‌یان له خودی پڕۆسه‌كه گرنگتره. گوتیشی، گرنگی ئه‌و پڕۆسه‌یه له‌وه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداو و كاره‌ساتانه به‌سه‌ر كورددا نه‌هێنرێته‌وه و بۆ رێگه‌گرتنه له هه‌ر مه‌رامێكی له‌و شێوه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی مه‌به‌ستیانه له‌ناو پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی له‌م شێوه‌یه‌دا بن.
محه‌ممه‌د ئیحسان به پێویستی زانی پڕۆسه‌ی به‌دۆكیۆمێنتكردن له‌لایه‌ن كورد بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ری كراون درێژخایه‌ن بێت، به‌وپێیه‌ی كورد له ناوچه‌یه‌كدا ده‌ژی، كه كۆمه‌ڵگه و رژێمه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌موو كات گریمانه‌ی ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت ده‌ست بۆ تاوانی له‌و شێوه‌یه ببه‌ن و زه‌مینه‌كه‌یان به كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و ده‌ستبردنیان بۆ تاوانی له‌م شێوه‌یه بووه‌ته بابه‌تێكی سروشتی و ره‌نگه به لایانه‌وه ئاسایی بێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا محه‌ممه‌د ئیحسان له‌باره‌ی به‌دۆكیۆمێنتكردنی رووداو كاره‌ساته‌كانی سه‌ر كورد، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا هه‌ر چه‌ند كار بكرێت كه‌مه و پێویستی به به‌رده‌وامی و زیاتر هه‌یه، گوتیشی، تا ئێستا ئه‌و كارانه‌ی له‌باره‌ی دۆكیۆمێنتكردنی تاوانه‌كانی سه‌ر كورد له هه‌رێمی كوردستان كراون، له ئاستی پێویستدا نه‌بوونه، تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌یش، كه زۆر جار له‌باره‌ی به‌دۆكیۆمێنتكردنی تاوانه‌كان، نه‌توانراوه ئه‌و بابه‌ته له بابه‌تێكی لۆكاڵییه‌وه بۆ بابه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی بگوازرێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به جووله‌كه‌كان و ئه‌رمه‌نه‌كان كراوه، یان ئه‌وه‌ی له رواندا ئه‌نجام دراوه. گوتیشی، نه‌بوونی ناوه‌ندێكی دۆكیۆمێنتاری رێكخراو و تایبه‌تمه‌ند له هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی نه‌بوونی دۆكیۆمێنتارییه‌كی به‌رده‌ست و شیاو تا ببێته پێشه‌نگی ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به كورد و كوردستانیان كراوه.
سه‌باره‌ت به زمانی سینه‌ما، محه‌ممه‌د ئیحسان باسی له‌وه كرد، سینه‌ما ده‌توانێت كاریگه‌ری به‌سه‌ر رای گشتی و حكومه‌ته‌كان دروست بكات و ده‌توانێت بڕیار دروست بكات، تێبینی ئه‌وه‌یشی كرد، كه هێشتا له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ك پێویست نه‌توانراوه له‌باره‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه، رای گشتی عێراقی و عه‌ره‌بی لێ به‌ئاگا بهێنرێته‌وه.
سه‌روه‌ر مه‌حیه‌ددین، به‌رپرسی به‌شی دۆكیۆمێنتاری له كوردستان24 و به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی كوردستان24 دۆكیۆمێنتاری ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه‌ناڵی كوردستان24 دۆكیۆمێنتاری ماوه‌ی سێ مانگه ده‌ستی به په‌خش كردووه و ژماره‌یه‌ك كاری دۆكیۆمێنتاری پێویستی ئه‌نجام داوه، گوتیشی، له‌سه‌ر به‌رمه‌بنای ئه‌وه‌ی نابێت كورد به ته‌نیا خۆی بدوێنێت، 10 كاری دۆكیۆمێنتارییان كردووه و بۆ فه‌ره‌نسایان ناردووه و وه‌ڵامی ئه‌رێنییان پێ گه‌یشتووه‌ته‌وه له‌پای ئه‌و كارانه. جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ده‌بێت هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه بن، مانه‌وه‌ی باسه‌كان و رووداوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی كورد له لۆكاڵی ده‌رباز بكرێت و به دنیای ده‌ره‌وه ئاشنا بكرێت.
سه‌روه‌ر مه‌حیه‌ددین باسی له‌وه كرد، ئه‌وان وه‌كو كوردستان24 دۆكیۆمێنتاری كاری باشیان كردووه، بۆ نموونه سه‌باره‌ت به تاوانه‌كانی رێكخراوی داعش، گوتیشی، له‌ناو پڕۆسه‌ی بهئهرشیفكردن و وه‌رگرتنی گوته و گێڕانه‌وه‌ی شاهێدحاڵهكانن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بتوانن ئه‌وه‌ی له یادگه‌یان ماوه وه‌ریبگرن و هه‌ڵیبگرن، دواتریش له پڕۆسه‌یه‌كی به‌فراوانی دۆكیۆمێنتاری و له چوارچێوه‌ی فیلم و چیڕۆك و به‌رهه‌می جیاواز جیاواز نیشان بدرێن و به ئه‌وانی دیكه كه زیاتر دنیای ده‌ره‌وه بگرێته‌وه، ئاشنا بكرێن.
حه‌سه‌ن عه‌لی، ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، بۆ سه‌لماندنی ئێستا و داهاتووی مرۆڤ و پاراستنی له چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدا، پێویستی كردووه مرۆڤ په‌نا بباته به‌ر دۆكیۆمێنتكردنی به‌ڵگه‌كانی رابردووی، كه به‌تایبه‌ت پارێزگاری له بوونه ئه‌زه‌لییه‌كه‌ی ده‌كات، گوتیشی، بوونی به‌ڵگه‌كان پێویستیان به كۆكردنه‌وه، پاكڕاگرتن، پاراستن، چاككردنه‌وه و دواتر بهبازاڕكردنیان هه‌یه و له كۆتاییشدا ده‌بێت به‌گه‌ڕ بخرێت و بۆ ئامانجێگی گه‌وره‌تر و باڵاتر ته‌وزیف بكرێت، دوای تهوزیفكردنیشیان مافه‌كان پارێزراو ده‌بن و رێگری له دووباره‌بوونه‌وه‌ی جینۆساید ده‌كات.
سه‌باره‌ت به فیلمی ده‌كان، كه به‌رهه‌می كوردستان24ـه و تایبه‌ته به دۆكیۆمێنتكردنی فیلمێكی تراژیدی، روونیكرده‌وه له ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا كه كارییان له‌سه‌ر بواری سینه‌ما كردووه، فێری ئه‌و زمانه جیهانییه بوونه كه چۆن بتوانن كاری سینه‌مای پێ بگێڕنه‌وه و دنیای ده‌ره‌وه پێ بدوێنن و بۆ خۆیانی په‌لكێش بكه‌ن و تێكه‌ڵ به‌و واقیعه‌ی بكه‌ن، كه له رێگه‌ی سینه‌ماوه به جینۆسایدی كورد ئاشنا بن.
ته‌حسین فایه‌ق، سیناریست و ره‌خنه‌گری سینه‌مایی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه سینه‌مای كوردی به‌و ته‌مه‌نه كورته‌ی هه‌یه‌تی، كه به‌تایبه‌تی له دوای راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ساڵی 1991 و دوای پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بووه، توانیویه‌تی له رێگه‌ی پشتگیری حكومه‌ته‌وه هه‌ندێك كار بكات، له‌وانه چه‌ند كارێك له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و چه‌ند چیڕۆكێكی ره‌سه‌ن و ناوخۆیی، كه به زمانێكی لۆكاڵی و سۆزدارییه‌وه كاری سینه‌ماییان بۆ كراوه، به‌ڵام به‌ده‌ره له‌و زمانه لۆژیكییه‌ی كه دنیای ده‌ره‌وه و پێشكه‌وتوو كاری له‌سه‌ر ده‌كات. گوتیشی، سه‌رباری ئه‌و تێبینیانه، به‌ڵام ئه‌و فیلمانه توانیان به‌شداری له بۆنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ن و له‌لایه‌ن هه‌ڵسه‌نگێنه‌رانی عه‌ره‌بی و جیهانییه‌وه فیدباكی ئه‌رێنییان بۆ هاتووه‌ته‌وه.
ته‌حسین فایه‌ق ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، كه سه‌ره‌ڕای بوونی پاڵپشتییه‌كی دارایی باش له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ بواری سینه‌ما، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی پسپۆڕی له بواری سینه‌مادا و نه‌بوونی میكانیزمی دروست بۆ پێشخستنی ئه‌و بواره، نه‌توانراوه ئه‌و تراژیدیا مرۆییه‌ی له ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا به‌سه‌ر كورددا هاتووه، بكرێته چه‌ندان به‌رهه‌می سینه‌مایی و دنیای ده‌ره‌وه‌ی پێ ئاشنا بكرێت، گوتیشی، جگه له چه‌ند فیلمێك له‌و بواره‌دا، ده‌بوو زۆربه‌ی ئه‌و چیڕۆكه ئازاربه‌خشانه‌ی له‌باره‌ی جینۆسایدی كورده‌وه هه‌یه، بكرێته فیلم و داهێنانیان تێدا بكرایه و وه‌ك سیمبۆڵێكی نه‌ته‌وه‌یی بناسێندرابوونایه.
عه‌دنان عوسمان، مامۆستای زانكۆ و ره‌خنه‌گری سینه‌مایی، به پێویستی زانی به‌ر له هه‌موو شت، جینۆساید به خودی كورد بناسرێت و ئاشنا بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش به پێویستی زانی په‌روه‌رده رۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت و وه‌ك مادده‌یه‌كی خوێندن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان و نه‌وه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌شێك له مامۆستاكانی په‌روه‌رده‌یش به‌و تراژیدیانه ئاشنا بكرێن، كه به‌سه‌ر كورددا هاتووه.
عه‌دنان عوسمان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه ناساندنی جینۆساید و ئه‌و تراژیدیایانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتوون له‌لایه‌ن رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان و دواتریش له‌لایه‌ن هه‌ندێك گرووپ و رێكخراوی تیرۆریستی، ده‌كرێت له‌سه‌ر دوو ئاستدا بێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئاستی یه‌كه‌م له رێگه‌ی سینه‌ماوه بێت بۆ ئه‌وه‌ی دنیای ده‌ره‌وه‌ی لێ به‌ئاگا بهێنرێته‌وه و پێی ئاشنا بن، هه‌روه‌ها ئاستی دووه‌میش ده‌كرێت له رێگه‌ی دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی دۆكیۆمێنتارییهوه هه‌موو به‌ڵگه‌كان كۆبكرێنه‌وه و پێویسته له رێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی ناوخۆییه‌وه ئه‌و پڕۆسه‌یه دهستیپێبكرێت و له چوارچێوه‌ی مادده‌ی په‌روه‌رده‌ییدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.