به‌یان سامی: به‌ده‌سته‌خوشكبوونی هه‌ولێر و ناشڤیل رۆڵێكی گه‌وره له په‌یوه‌ندییه كولتوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوولادا ده‌گێڕێت

K24 - واشنتن:
هه‌ردوو شاری هه‌ولێر و ناشڤیل به فه‌رمی بوونه ده‌سته‌خوشك و بڕیاره‌كه‌یش به زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی شاره ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌وه په‌سند كرا، به‌مه‌یش هه‌ولێر ده‌بێته ده‌یه‌مین ده‌سته‌خوشكی شاره‌كه له جیهان و یه‌كه‌مین شاری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هاوكات نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له واشنتۆن رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ده‌سته‌خوشكبوونی هه‌ردوو شاره‌كه رۆڵێكی گه‌وره له په‌یوه‌ندییه كولتوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوولادا ده‌گێڕێت.
به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مه‌ریكا به كوردستان24ـی له‌باره‌ی به‌ده‌سته‌خوشكبوونی نێوان هه‌ولێر و ناشڤیل راگه‌یاند، گرنگی خۆی هه‌یه به‌تایبه‌ت له بواری دیپلۆماسی و بۆ له‌مه‌ودوا پردێك له‌نێوان شاری ناشڤیل و هه‌ولێر دروست ده‌بێت، گوتیشی، شاری ناشڤیل زۆر گرنگه، به‌و پێیه‌ی به شاری مۆسیقا ناسراوه و له ئێستایشدا له رووی ئابوورییه‌وه له سه‌رتاسه‌ری ئه‌مه‌ریكا یه‌كێكه له سێ گرنگرترین شاره ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه توانای پێشخستنی ئابووری هه‌یه.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌ده‌سته‌خوشكبوونی هه‌ولێر و ناشڤیل ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ولێر و ناشڤیل، گوتیشی، هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر و ستافی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش و ژماره‌یه‌ك لایه‌نی دیكه رۆڵیان هه‌بوو له‌و پڕۆسه‌یه، كه بۆ ئایینده كاریگه‌ری و رۆڵی زیاتر له په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه كولتوورییه‌كان ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی ئایینده له‌نێوان هه‌ولێر و ناشڤیل روونیكرده‌وه، چه‌ندان بوار ده‌گرێته‌وه، به‌تایبه‌تی له بواری كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش راكێشا كه ره‌وه‌ندی كوردی له ناشڤیل له ماوه‌ی رابردوودا رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینوه، كورد له‌ناو شاره‌وانی و قوتابخانه و بازاڕه گشتییه‌كاندا كار ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، ده‌سته‌خوشكی نێوان هه‌ولێر و ناشڤیل ده‌بێته نموونه‌یه‌كی تایبه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك ناشڤیل ده‌توانێت ببێته نموونه‌یه‌ك بۆ ده‌سته‌خوشكه‌كانی دیكه له بواره‌كانی په‌روه‌رده و شاره‌وانی و كولتووری.
سه‌باره‌ت به ئایینده‌ی پڕۆژه‌كان له‌نێوان هه‌ردوو شاره‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له ئایینده‌دا پڕۆژه له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌بێت، گوتیشی ئه‌و پڕۆژانه پێویستی به لایه‌نی دارایی و كه‌سی به‌توانا و شاره‌زا و پسپۆڕ هه‌یه، به‌ڵام كاری جیددیان بۆ ده‌كرێت و هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت.
رۆژی (سێشەممە 23ـی ئایاری 2023) مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن کووپەر، شارەداری شاری ناشڤیلی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و سەرۆک و ئەندامانی بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشڤیل پێکهاتبوو.
لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەتایبەتی هەولێر و ناشڤیل کرا، بەتایبەتی لە بواری کولتووری و خوێندن و باس له به‌ده‌سته‌خوشكبوونی هه‌ردوو شاره‌كه كرا، هەروەها رۆڵی ئەرێنی رەوەندی کوردستانی نیشتەجێی شاری ناشڤیل بەرز نرخێنرا .
ئاماژە بەوەشدرا، شاندی شاری ناشڤیل، خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ شاری هەولێر دووپات کردەوە.