بۆمبی هێشوویی چییە و بۆچی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیای دەنێرێت؟

بۆمبی هێشوویی
بۆمبی هێشوویی

K24 - هەولێر:

حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەسەر داواکاری کێیڤ چەکی (بۆمبی هێشوویی) رەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

زیاتر لە 100 وڵات بەکارهێنانی بۆمبی هێشووییان قەدەغەکردووە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش رەخنە لە بڕیارەکەی واشنتن دەگرن بۆ ناردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکرانیا.

بۆمبی هێشوویی پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆری تەقەمەنی قەبارە بچووک کە لەنێو مووشەک یان گوللـە تۆپێکدا جێگیرکراون و لەکاتی تەقاندن یان خستنەخوارەوەیدا، تەقەمەنییە بچووکەکان بە رووبەرێکی فراواندا بڵاودەبنەوە.

بۆمبی هێشوویی کاتێک بەر زەوی دەکەوێت، یان دەتەقێتەوە و زیانێکی زۆر بە چواردەوری خۆی دەگەیەنێت، یان تەقەمەنییە بچووکەکانی بڵاودەبنەوە و دواتر لەکاتێکی دیکە دەتەقنەوە، ئەمەش کاتێک روودەدات کە بەر زەوییەکی نەرم یان لیتە بکەون.

بۆمبی هێشوویی
بۆمبی هێشوویی

پاشماوەکانی بۆمبی هێشوویی بۆ چەندین ساڵ دەمێننەوە و هەر کاتێک دەستکاری بکرێن ئەگەری تەقینەوەیان هەیە، کە زۆرجار دوای تەواوبوونی جەنگەکان، پاشماوەی بۆمبی هێشوویی لەلایەن کەسانی بێ ئاگا و منداڵانەوە هەڵدەگیرێنەوە و ئەوان دەبنە قوربانی.

زیاتر لە 100 وڵات رێککەوتنامەیەکی نێودەوڵەتییان تایبەت بە قەدەغەکردنی ئەمجۆرە بۆمبە واژۆ کردووە، لەنێویاندا بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، بەڵام هەریەک لە ئەمەریکا، ئۆکرانیا و رووسیا و ئەو رێککەوتنامەیەیان واژۆ نەکردووە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆمبی هێشوویی بە چەکێکی 'قێزەون' ناو دەبەن و بەکارهێنانیشی بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکەن.

لە سەرەتای دەستپێکی لەشکرکێشی رووسیاوە بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، بۆمبی هێشوویی لەلایەن سوپای ئۆکرانیا و رووسیاوە بەکارهاتووە، ئێستاش کە ئۆکرانیا کێشەی کەمی چەک و تەقەمەنی هەیە، داوای لە ئەمەریکا کردووە، بۆمبی هێشوویی بۆ رەوانە بکات.

کەناڵی BBCـی بەریتانی سەبارەت بە بڕیاری واشنتن بۆ پێدانی بۆمبی هێشوویی بە کیێڤ، لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردووە، ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا رەنگە کاردانەوەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لێبکەوێتەوە و ببێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ناکۆکی و دابەشبوونیان، ئەمەش رێک ئەوەیە کە ئێستا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەیەوێت و پێویستی پێیەتی.