ئۆکرانیا رەتیدەکاتەوە بۆمبی هێشوویی لەنێو خاکی رووسیادا بەکاربهێنێت

K24 - هەولێر
ئۆلێکسی رەزینکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند، بۆمبی هێشوویی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆیان دابین دەکرێت، لەنێو خاکی رووسیادا بەکارناهێندرێت.
رەزینکۆڤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاماژەی بەو بنەما بنەڕەتییانەداوە کە لە بەکارهێنانی بۆمبی هێشووییدا لەبەرچاو دەگیرێن و رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنیا بۆ رزگارکردنی خاکە دانپێدانراوەکانی لەدەست داگیرکاری، ئەو تەقەمەنییە بەکاردەهێنێت.
وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا هەروەها رایگەیاندووە: "ئەم تەقەمەنییە لەسەر خاکە دانپێدانراوەکانی رووسیا بەکارناهێندرێت".
رەزینکۆڤ روونیکردەوە، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە مەترسیی بۆ سەر خەڵکی سڤیل، بۆمبی هێشوویی لە شارەکاندا بەکارناهێنن و رایگەیاند: "تەنها لەو ناوچانە بەکاردەهێنرێت کە سوپای رووسیا تێیدا چڕبووەتەوە. ئەم تەقەمەنییانە بەکاردەهێنرێن بۆ شکاندنی هێڵەکانی بەرگری دوژمن. رزگارکردنی گیانی سەربازەکانمان لە پێشینەی کارەکانمان دەمێنێتەوە".
وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا راشیگەیاندووە: "رزگارکردنی خاکی وڵاتەکەمان لە داگیرکاری و پاککردنەوەی ئەو ناوچانە دوای سەرکەوتنمان، لە پێشینەی کارەکانماندا دەبێت".
رەزینکۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە سەبارەت بەکارهێنان و کاریگەریی بۆمبی هێشوویی راپۆرت بە هاوبەشەکانیان دەدەن.
دوێنێ هەینی جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رایگەیاندبوو "بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە ئۆکرانیا" و لە رێگەی پیدانی بۆمبی هێشووییەوە پاڵپشتی لەو وڵاتە دەکەن.