رووسیا: بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی نیشانەی لاوازییە
K24 – ههولێر:
ئەمهریکا دیمەنی راهێنانی سوپای وڵاتەکەی لەسەر بۆمبی هێشوویی بڵاوکردەوە و رووسیا دەڵێ، بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی نیشانەی لاوازییە.
رووسیا دژی پێدانی بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا لەلایەن ئەمهریکاوە هاتە دەنگ و رایگەیاند، بەکارهێنانی بۆمبی هێشووی نیشانەی لاوازییە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لهمبارهیهوه رایگەیاند، پێدانی بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا، هیچ کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان نابێت.
لە راگەیهندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە: پێدانی ئەو چەکە بە ئۆکرانیا، نیشاندانی رق و کینهی ئەمهریکایە بەرامبەر رووسیا و دەیەوێت قەیرانی ئۆکرانیا درێژ بکاتەوە.
ئۆلێکسی رەزینکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند، بۆمبی هێشوویی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆیان دابین دەکرێت، لەنێو خاکی رووسیادا بەکارناهێندرێت.
کاردانەوەکەی رووسیا لە کاتێکدایە، ئەمهریکا بەنیازە ئەو بۆمبە بداتە ئۆکرانیا و دیمەنی راهێنانی سوپای وڵاتەکەی لەسەر بۆمبەکە بڵاوکردەوە.
وەک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، بۆمبەکە لەرێگەی فڕۆکەوە فڕێدەدرێتە خوارەوە و پێش ئەوەی بەر زەوی بکەوێت دەکرێتەوە و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دیکەی لێدێتەدەرەوە و بەیەکجار بۆردوومانی ناوچەیەکی فراوان دەکات.
بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە لەکاتێکدایە بریارە 11 و 12ی ئەم مانگە، لە چوارچێوەی بەرێوەچوونی لوتکەی ناتۆ لە ڤیڵنیەس، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمهریکا رووبەرووی ئەو پرسیارە بکرێتەوە، بۆچی ئەمهریکا ئامادەیە بۆمبی هێشوویی رەوانەی ئۆکرانیا بکات، لەکاتێکدا دوو لەسەر سێی ئەندامانی ناتۆ بەکارهێنانی ئەو بۆمبەیان قەدەغە کردووە؟ هۆکاری قەدەغەکردنەکەشی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیلە بەهۆی بەکارهێنانی بۆمبی هێشووییەوە لە شەڕ و ناکۆکییەکاندا.
پرسی پێدانی بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا لەناوخۆی ئەمهریکا و کۆنگرێس بەدیاریکراوی بۆچوونی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. دیموکراتەکان دژی پێدانی بۆمبی هێشوویین بە ئۆکرانیا و کۆمارییەکانیش پشتیوانی لێدەکەن.
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.