هیشام روکابی: گۆڕانکارییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەردەوام دەبن

هیشام روکابی، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
هیشام روکابی، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا گۆڕانکارییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەردەوام دەبێت.

رۆژی شەممە (8ـی تەمموزی 2023)، هیشام روکابی، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان لە پۆستە ئەمنییەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، سەرەتای پرۆسەیەی چاکسازی ئەمنی و کارگێرییە کە پێشتر محەممەد شیاع سوودانی لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەکەی بەڵێنیدا لەسەر بنەمای کارنامەی پەسەندکراوی حکومەتەکەی.

روکابی ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانی داهاتوو گۆڕانکارییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەردەوام دەبێت لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتییانی عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە (5ـی تەمموزی 2023)، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، یەحیا رەسووڵ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند، "بەپێی بەرنامەی حکومەت و ئەولەویەتەکانی پەیوەست بە چاکسازیی کارگێڕی لە دامودەزگا ئەمنییەکان، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی گۆڕانکاری لە هەندێک پۆستی ئەمنی دەرکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە بە ئامانجی پێدانی دەرفەتە بە سەرکردەکانی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و بەرزکردنەوەی ئەدای دامەزراوە ئەمنییەکان.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم هەنگاوە دوای لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان دێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات، هەروەها بۆ پێداویستیەکانی بەرژەوەندی گشتی، کە پێویستی بە کارکردن هەیە بەپێی دیدگایەکی پیشەیی لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکانی نوێ و کارامە.

یەحیا رەسوڵ ،ئەوەشی خستەڕوو، سوودانی هەوڵەکانی ئەو سەرکردانەی بەرز نرخاندووە کە لە ماوەی پێشوودا لە پۆستەکانیان خزمەتی بەردەوامیان کردووە.

Fly Erbil Advertisment