یەکەیەکی کەشتی جەنگی رووسیا گەیشتووەتە بەندەری شەنگهای چین

K24 - مۆسکۆ
یەکەیەکی کەشتی جەنگی رووسیا گەیشتووەتە بەندەری شەنگهای چین، بڕیارە کەشتیە رووسییەکان بە یاوەری کەشتییە چینیەکان مانۆڕێکی سەربازی تایبەت بە هێرشبردن و رزگارکردنی دەریایی ئەنجامبدەن.
ئەگەرچی پێشتر ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، لەگەڵ چین هیچ جۆرە هاوپەیمانییەتییەکی سەربازی دروست ناکەن، بەڵام وەزیری بەرگری چین، دەخوازێت هاوکارییە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ رووسیا بەهێزتر بکەن، پسپۆڕ و شارەزایانی رووس لە مۆسکۆ پێیان وایە، چین و رووسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی شەنگهای و بریکس بنەماکانی رێکخستنی نوێی جیهان دادەڕێژن.
کیریل بابایێڤ، بەڕێوەبەری پەیمانگەی چین و ئاسیای مۆدێرن لە ئەکادیمیای زانستی رووسیا بە کوردستان24ی گوت: "رووسیا و چین لە بواری سەربازی و تەکنیکیدا هاوکار و هەماهەنگی بەهێزی یەکترن، روانگەی هەردوو وڵات بۆ کیشوەری ئۆراسیا و تەواوی مرۆڤایەتی چونیەک و تەبایە، بۆیە پەیوەندی سیاسی نێوانیان زۆر بەهێز و پتەوە، لە ساڵی رابردوودا سەرۆکی رووسیا و چین زیاتر لە 40 جار یەکیان بینیوە، گەشەی گەورەی پەیوەندییەکان پتر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی شەنگهای و بریکس خۆی دەبینێتەوە، کە تیادا رووسیا و چین وڵاتی سەرەکین، چونکە لەوێوە بنەماکانی رێکخستنی نوێی جیهان دادەڕێژرێت، لەسەر بنەمای ئەم رێکخراوانە هەماهەنگی سیاسی نێوانمان دەشێت هەنگاو بۆ پرۆژەی گەورە و جیهانی بنێت".
گوتیشی: "ئەو رێکخراوانە کار لەسەر ئەو بنەمایانە دەکەن کە رووسیا و چین پێشنیازیان دەکەن، وەکو یەکسانی ماف و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی تر و رێزگرتن لە بەرژەوەندی و سیستمی سیاسی وڵاتی تر و وڵاتانی تازەپێشکەوتووە کە زۆر نیازیان بەم پرەنسیپانە هەیە، زۆرێک لەم وڵاتانە بە بایەخەوە لەم بنەمایانە دەڕوانن بۆیە ئێمە هیوامان وایە کە لە داهاتوودا ببنە هەوێنی رێکخستنی نوێی جیهان".
پێشتر ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو، لەگەڵ چین هیچ جۆرە هاوپەیمانییەتیەکی سەربازی دروست ناکەن، بەڵام وەزیری بەرگری چین هیوادارە، هاوکارییە سەربازییەکانیان لەسەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ رووسیا بەهێزتر بکەن.
لەوبارەوە ئەندرێی کارتونەڤ، بەڕێوەبەری زانستی ئەنجومەنی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئاراستە سەرەکییەکانی کار و هەماهەنگی لەگەڵ چین کەوتوونەتە سەرپێ، واتە هەماهەنگی تەکنیکیی سەربازی و چالاکی و نمایشی هاوبەشی سەربازی لەسەر ئاستی وشکانی و دەریایی بەرەوپێش دەچن و هاوکێشەی ستاندارتیان بۆ دادەرێژرێت، هاوکاری هاوبەشی نێوان دوو وڵات بۆ بەرگرتن بە قەیرانەکان پتەو و بەهێزتر دەبێت، پاشان دەکرێت چاوەڕێی کاری هاوبەشی نێوان دوو وڵات لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بکەین، مەبەست لە باکووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و ناوچە کپکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".
ناکۆکییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ رووسیا و چین، پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکینی بەهێزترکردووە، پسپۆڕ و شارەزایانی رووسیش دەڵێن: چین و رووسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی شەنگهای و بریکسدا بنەماکانی رێکخستنی نوێی جیهان دادەڕێژن.