ئۆکرانیا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی رووسیا لە سەرەتای جەنگەوە رادەگەیەنێت

ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ | وێنە: The New York Times
ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ | وێنە: The New York Times

K24 - هەولێر

فەرماندەیەکی سەربازیی ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای جه‌نگی رووسیا و وڵاته‌كه‌یانەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 233 هەزار سەربازی رووسیایان کوشتووە.

501 رۆژ بەسەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت. لەوبارەوە فەرماندەیی هێزە وشکانییەکانی ئۆكرانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا،  جەنگەکە "سیمبولی خەباتی نه‌بڕاوه‌مانه‌ له‌پێناو ئازادی و یه‌كێتییمان".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "(لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا)، زیاتر لە 233 هەزار تاوانبار کوژراون؛ زیاتر لە چوار هەزار تانکی رووسه‌كان، نزیکەی هه‌شت هەزار زرێپۆش، چوار هەزار و 346 سیستمی تۆپخانە، 315 فڕۆکە و 309 هەلیکۆپتەر، 410 سیستمی بەرگریی ئاسمانی دوژمن، سێ هه‌زار و 666 فڕۆکەی بێفڕۆكه‌وان، هه‌زار و 271 مووشەکی کروز، شه‌ش هەزار و 914 ئۆتۆمبێل، 619 ئۆتۆمبێلی تایبەت و 18 کەشتی له‌ناوبراون".

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەو داتایانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە ئۆکراینا له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانییان له‌ ریزی سەربازانی سوپای رووسیادا بڵاویانکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رایگەیاندبوو "بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە ئۆکرانیا" و لە رێگەی پیدانی بۆمبی هێشووییەوە پاڵپشتی لەو وڵاتە دەکەن. پێدانی ئەو بۆمبە بە ئۆکرانیا رووسیای توڕە کرد و کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

ئۆلێکسی رەزینکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا لەوبارەوە رایگەیاند، بۆمبی ‌هێشوویی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆیان دابین دەکرێت، لەنێو خاکی رووسیادا بەکارناهێنن و وڵاتەکەی تەنیا بۆ رزگارکردنی خاکە دانپێدانراوەکانی لەدەست داگیرکاری، ئەو تەقەمەنییە بەکاردەهێنێت.

لایەکی دیکەوە رووسیا دژی پێدانی بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا لەلایەن ئەمه‌ریکاوە هاتە دەنگ و رایگەیاند، بەکارهێنانی بۆمبی هێشووی نیشانەی لاوازییە. هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە دا، پێدانی بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا، هیچ کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان نابێت.

Fly Erbil Advertisment