دوای 500 رۆژ ئاماری قوربانییانی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا ئاشکرا کرا

زێلێنسکی لە دوورگەی مارەکان
زێلێنسکی لە دوورگەی مارەکان

K24 - هەولێر

لەگەڵ خۆ ئامادەکردن بۆ گەڕێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیا، تێچووە مرۆیی و ماددییەکان لەنێوان هەردوولا زیادی کردووە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی 500 رۆژ بەسەر شەڕی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ.

سەبارەت بە ئاشکراکردنی ئامارەکان لەلایەن هەردوولا لەسەر قوربانییانی مەدەنی و سەربازی، هەواڵگری ئەمەریکا رایگەیاند، لە سەرەتایی شەڕەوە، زیاتر لە 200 هەزارکەس لە هێزەکانی رووسیا کوژراون و برینداربوون.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەڵێت: خەملاندنەکانی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بوون کە لەم دواییانەدا ئاشکرا کراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد، کە هەواڵگری ئەمەریکا چۆن ئەو ژمارەیەی وەرگرتووە، لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتێکی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە ئۆکرانیا کوژراون، لەنێویاندا 500 منداڵ و نزیکەی 16 هەزار هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، لە شەڕی 500 رۆژەی نێوان هەردوولادا.

ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەرکەوتنی هێزەکانی خۆی لە هێرشی پێچەوانە لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دژی سەربازانی رووسیا راگەیاند، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا بڕیاریدا بۆمبی هێشوویی بە ئۆکرانیا بدات، زێلێنسکی پێشوازی لەو هەنگاوە کرد، کە لەلایەن جۆو بایدنەوە پەسەندکرا و بە " بەرنامەیەکی هاوکاری پێویست" ناوی برد و ئەمەش مۆسکۆی توڕەکردووە.

سەرۆکی پێشووی رووسیا دیمیتری مێدڤێدێڤ ئیدانەی ئەو بڕیارەی ئەمەریکای کرد و تۆمەتباری کرد بە هاندانی ئەگەری روودانی جەنگی ئەتۆمی.

لە کاتێکدا شەڕەکە چووە 500هەمین رۆژی خۆیەوە، زێلێنسکی سەردانی دوورگە بچووکەکەی ماری دەریای رەشی کرد، کە لەلایەن رووسییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو دواتر ئۆکرانیەکان ئازادییان کردەوە، لەوێدا گوتی: "ئەمە ڕێک لێرەوەیە و لە شوێنی سەرکەوتنەوە، دەمەوێت سوپاسی هەموو سەربازەکانمان بکەم بۆ شەڕکردن بە درێژایی ئەم ماوەیە".