وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق نه‌خشه‌ی سنووری ئیداری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی په‌سه‌ندكرد

K24 - هەولێر:
له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقدا هاتووه: نه‌خشه‌ی سنووری ئیداری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه په‌سه‌ندكرا.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی وه‌زیری پلاندانانی عێراق، له‌چوارچێوه‌ی ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه، محه‌ممه‌د عه‌لی ته‌میم، وه‌زیری پلاندانانی فیدراڵ دوایین نه‌خشه‌ی سنووری ئیداریی سه‌نته‌ری پارێزگا و قه‌زا و ناحیيهكانی سه‌ر به پارێزگای هه‌ڵبجه‌ی په‌سه‌ند كرد.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، نه‌خشه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك په‌سه‌ندكراوه، كه سه‌نته‌ری پارێزگاكه شاری هه‌ڵبجه بێت و ژماره‌ی 16ی له ریزبه‌ندی یه‌كه ئیدارییه‌كانی كۆماری عێراقی پێدراوه، به‌مه‌ش ژماره‌ی پارێزگاكان له هه‌رێمی كوردستان ده‌بن به 4 پارێزگا و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش ده‌بن به 19.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، پارێزگای هه‌ڵبجه له قه‌زایه‌ك و هه‌رچوار شاره‌دێیه‌كانی سیروان، خورماڵ، بیاره و بامۆ پێكدێت و راشیگه‌یاندووه، دوای وردبینییه‌كانی تیمی پلاندانان بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك و هه‌ڵسه‌نگاندنی ته‌كنیكی به‌گوێره‌ی ره‌هه‌نده جوگرافیه‌كان، شارستانیه‌ت و دێهاته‌كان و ئاماده‌كردنی نه‌خشه لاوه‌كی و سه‌ره‌كییه‌كان بۆ سنووری ئیداریی هه‌ڵبه‌جه و دیاریكردنی ناوه‌نده شارستانیه‌ته‌كان و دیزاینه سه‌ره‌كییه‌كانی شار و یه‌كه‌ی ئیداری شاره‌وانییه‌كان، وه‌زیری پلاندانان دوایین نه‌خشه‌ی په‌سه‌ند كرد.
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژمارە (45)ی رۆژی (31ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2013)، به بڕیاری ژماره (586)، بڕیاری به پارێزگابوونی ھەڵەبجەی دابوو.
پێش ده‌ركردنی بڕیاری به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه له په‌رله‌مانی عێراق و پابه‌ندكردنی حكومه‌تی ئیتیحادی به رێككاره‌كانی په‌یوه‌ست به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه، ئامانج ره‌حیم، وه‌ك كه‌سێكی یاسایی پشتیوانی یاسایی و به‌ڵگه‌كانی تایبه‌ت به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی خستبووه‌ڕوو، كه له چه‌ند خاڵێكدا پوخته‌ی كردبوون، له‌وانه:
1- زیادكردنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به بڕیارێكی په‌رله‌مانی كوردستان بووه، به ژماره (11)ی رۆژی (22/9/1999). له مادده‌ی (141)ی ده‌ستووری عێراقیشدا هاتووه: ئه‌و یاسایانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له (1992)ـه‌وه ده‌ریكردوون به په‌سندكراو و به‌ركار هه‌ژمار ده‌كرێن. هه‌روه‌ها ئه‌و پرسه له ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحادیدا نییه و تایبه‌ته به ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له مادده‌كانی (114) و (115)ـی ده‌ستووردا هاتووه.
2- ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئیتیحادی به بڕیاری ژماره (568)ی رۆژی (31/12/2013) بڕیاری زیادكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆ ریزی پارێزگاكانی عێراق په‌سند كردووه.
3- ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێشتر له‌سه‌ر بنه‌مای حوكمه‌كانی مادده‌ی (51)ی یاسای ئیتیحادی ژماره (2)ی ساڵی (2015) تایبه‌ت به "بودجه‌ی گشتیی بۆ ساڵی دارایی 2015" و مادده‌ی (50)ی یاسای ئیتیحادی ژماره (1)ی ساڵی (2016)ی تایبه‌ت به "بودجه‌ی ئیتیحادی بۆ ساڵی دارایی 2016" له رووی یاسادانانه‌وه دانی به هه‌ڵه‌بجه‌دا ناوه وه‌ك پارێزگا.
4- په‌رله‌مانی كوردستان یاسای "ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی له هه‌رێمی كوردستان – عێراق" به ژماره (1)ی ساڵی (2015) ده‌ركردووه.
5- پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه به مه‌رسوومێكی سه‌رۆكی هه‌رێم دانراوه و رێكاره‌كانی پێكهێنانی ئیداره‌ی پارێزگاكه ته‌واو كراوون. به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی تێدا كراونه‌ته‌وه. به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گه‌نجینه‌ی تێدا كراوه‌ته‌وه و داراییه‌كه‌ی جیاكراوه‌ته‌وه له گه‌نجینه‌ی سلێمانی. له رووی دارایی و ئیدارییه‌وه سه‌ربه‌خۆییه له پارێزگای سلێمانی.
6- وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئیتیحادی هه‌ڵه‌بجه‌ی له چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا وه‌ك پارێزگایه‌كی ره‌سمی ناساندووه.به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی "پاسپۆرت، رهچهڵهكنامه، نووسینگه‌ی زانیاری" تێدا كراوه‌ته‌وه و تابڵۆی ئۆتۆمبێلیش به گوێره‌ی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئیتیحادی ژماره (40528) بڕیاری لێدراوه.
ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌ڵه‌بجه زیاتر له 120 هه‌زار كه‌سه و له شارۆچكه‌یه‌ك و چوار شاره‌دێی پێكهاتووه: شارۆچكه‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه، شاره‌دێی خورماڵ، بیاره، به‌مۆ و سیروان.