راوێژکارێکی پێشووی پێنتاگۆن: ئۆکرانیا نزیک بووەتەوە لە کۆتایی

K24 - هەولێر

راوێژکارێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) هۆشداریدا لەوەی ئۆکرانیا بە داوێکەوە هەڵواسراوە و نزیک بووەتەوە لە کۆتایی و هیچ شتێک ناتوانێت یارمەتیی بدات.

دۆگلاس مەکگریگۆر راوێژکاری پێشووی پێنتاگۆن، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی Judging Freedom گوتی: ئۆکرانیا لەدەستچووە، ئۆکرانیا بە داوێکەوە هەڵواسراوە، ئەمە کارەساتە، هیچ هاوکارییەک دۆخەکە ناگۆڕێت، زۆر درەنگ بووە، ئەمە کۆتاییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ململانێی ئۆکرانیا و دابەشبوون لەناو ناتۆدا، زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا لە دۆخێکی نائومێدیدان.

مەکگریگۆر جەختی لەوەکردەوە: هیچ رێگەیەکی دەربازبوون نییە جگە لە دانوستاندن، چونکە کیێڤ لە دۆخێکدا نییە کە هیچ مەرجێک بۆ مۆسکۆ دیاری بکات.

پێشتر ماکگریگۆر رایگەیاندبوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە سەبازانی ئۆکرانیا لە ریزی سوپا هەڵاتوون، هەروەها هاووڵاتیانی ئۆکرانیا بە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتەکەیان هەڵدێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناڕازیبوون لە سیاسەتەکانی ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەنێو ئۆکرانیاییەکان زیاتر دەبێت.