ئالووسی: لەوانەیە ئەمەریکا سزای ئابووری و دارایی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت

میسال ئالووسی، کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق
میسال ئالووسی، کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق

K24 - هەولێر

کەسایەتییەکی سیاسیی عێراقی بە دووری نازانێت، بەهۆی رێککەوتنێکی ئابووری نێوان بەغدا و تاران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای ئابووری و دارایی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تەممووزی 2023، میسال ئالووسی، کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لە لێدوانێکدا بە ماڵپەری (شەفەق نیوز)ـی وڵاتەکەی رایگەیاند، رێککەوتنی بەغدا و تاران کە ئاڵوگۆڕکردنی گازی هاوردەکراوە لە ئێران بەرامبەر بە نەوتی خاوی عێراق،  جۆرێک لە سوڕانەوەیە بێت دەوری سزا سەپێندراوەکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا. هاوکات هۆشداریش دەدات، "ئەگەر هەیە ئەم پرسە لێکەوتەی ئابووری مەترسیداری لێ بکەوێتەوە".

ئەو سیاسەتمەدارەی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: "بەهۆی بوونی ڤیتۆی ئەمەریکییەوە، پێویستە حکومەتی عێراق وریا بێت لە مامەڵەکردنی بازرگانیی لەگەڵ ئێران و پێشێلکردنی ئەم ڤیتۆیە بە مانای پێشێلکردنی سزا ئابوورییە سەپێندراوەکانی واشتن لەسەر تاران دێت".

وەکو ئەوەی ئالووسی باسی دەکات، "سوڕانەوەی حکومەتی عێراق بە دەوری سزاکانی واشتن لەسەر ئێران، لەوانەیە ئەمەریکا هانبدات هەندێک سزای ئابووری و دارایی بەسەر عێراقدا بەسەپێنێت" بۆیە بە پێویستی دەزانێت، "بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان لە پێش بەرژوەندییەکانی ئێران بخرێت".

بەگوێڕەی ئەو راگەیەندراوەی کە دوێنێ سێشەممە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، عێراق و ئێران رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی گازی هاوردەکراو لە ئێران بەرامبەر بە نەوتی خاوی عێراق واژووکردووە کە بەپێی رێککەوتنە گازی هاوردەکراو لە ئێران کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێندرێت، بە نەوتی خاوی عێراق و نەوتی رەش ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

رێککەوتنەکە لە لایەنی عێراقییەوە لە لایەن ئیحسان یاسین عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران  و لایەنی ئێرانی لەلایەن محەممەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا واژوو کراوە.

لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دابینکردنی گاز بۆ بەکارخستنی وێستگەکانی کارەبا لە وڵاتەکەدا، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کێشەی دارایی و ئاستەنگی سزاکانی ئەمەریکا کە رێگریی لە بەردەوامیی پێدانی پێداویستییەکانی هاوردەکردنی گاز و بەکارخسینی وێستگەکان و سەقامگیریی لە بەرەهەمهێنانی وزەی کارەبا دەکات.