ئامینە زکری: پارتی ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی

ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی سێیەمی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ده‌كرێت، هاوکات دەشڵێت: "پارتی ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی".

ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێتی داوای گرێنتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، سەبارەت بە پارتی دەرگای کراوەیە بۆ رێککەوتنی نوێ لەگەڵ یەکێتی و یاخود بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی پێشووی نێوانیان.

هاوکات راشیگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی سێیەمی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ئەنجامدەدرێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: "پارتی ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی".

بەهۆی ناکۆکیەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چارەنووسی نادیارە، پارتی دیموکراتی کوردستان سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا، هاوکات چاودێرانی سیاسیش رایدەگەیەنن، تاکە بژاردەی بەردەم پارتی و یەکێتی رێککەوتنە و بیرکردنەوە لە بژاردەی دیکە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە (9ـی تەممووزی 2023)، شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و هەردوولا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی هەنوکەیی تایبەت هەرێمی کوردستان و عێراق، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوە.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هوشیار زێباری، مەحموود محەممەد و زاگرۆس فەتاح پێکهاتبوو. شاندی یەکێتیش لە بافڵ تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، جەعفەر شێخ مستەفا و شاڵاو عەلی عەسکەری پێکهاتبوو.

ئەم کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی بوو، کە رۆژی دووشەممە 26ـی حوزەیرانی 2023، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

Fly Erbil Advertisment