لە 6 مانگی رابردوودا لە سلێمانی 1500 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراون

K24 – سلێمانی:

ئاماری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی لە زیادبووندایە، رۆژانە نزیکی 15 بۆ 17 حاڵەتی نوێی توشبوون بە شێرپەنجە تۆماردەکرێن و لە شەش مانگی رابردووشدا 1500 حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراون.

دانا کەریم، تەمەنی 39 ساڵە، نۆ مانگە تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن بووە، لەمبارەیەوە تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دانیشتووی چەمچەماڵە دوو هەفتە جارێک سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکات لە سلێمانی، هەروەها هەشت جەلسە چارەسەری کیمیایی بۆ کراوەو چوار جەلسەشی ماوە، رۆژ هەبووە کاتژمێر 6ـی بەیانى هاتووەتە سلێمانی بۆ نەخۆشخانەی هیوا و کاتژمێر 7ـی ئێوارە رۆشتووەتەوە بۆ چەمچەماڵ.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد وەهاب، بەرپرسى هۆبەى کۆنتڕۆڵى شێرپەنجە لە سلێمانى، لە لێداونێکیدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، لە سەر ئاستى سلێمانى و هەرێمى کوردستان شێرپەنجەى مەمک بە پلەى یەکەم دێت، "بە شێوەیەکى گشتى ساڵانە %20 توشبووانى نوێمان لەسەر ئاستى سلێمانى و هەرێمى کوردستان شێرپەنجەى مەمکن، واتە لە هەر پێنج توشبویەک دانەیەک شێرپەنجەى مەمکە، دواى ئەوە کۆڵۆن، سییەکان، نەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجەى مێشک، بۆ منداڵانیش شێرپەنجەى خوێن".

هۆکارە بۆ ماوەییەکان، پیسبوونى ژینگە، زیادبوونى جگەرەکێشان، خواردنەوە کهولیەکان، خواردنى ناتەندروست، وەرزش نەکردن و قەڵەوى، دیارترین ئەو هۆکارانەن کە پزیشکان بۆ زیادبوونى توشبوون بە نەخۆشى شێرپەنجە دەست نیشانى دەکەن و لە نێو توشبووانیش %10ـی منداڵانن.

تەشەنەسەندنى نەخۆشى شێرپەنجە یەکێکە لەو گرفتە سەرەکییانەى لەڕووى رێژەى بەرزبوونەوە و فراوانبوونى ژمارەى توشبووان بۆ نێو سەرجەم ئاست و تەمەنە جیاوازەکان و بە تایبەتیش شۆڕبوونەوەى بۆ نێو منداڵان هەڕەشە لە تەندروستى مرۆڤەکان و کەرتى تەندروستى دەکات، پزیشکانیش هۆشدارى دەدەن، ئەگەر دۆخەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، لە ساڵانی داهاتوو بۆ چارسەر کردنى هەر توشبوویەک کێشەیان بۆ دروست دەبێت.

Fly Erbil Advertisment