پۆلیسی دهۆك: دوای رووبەڕووبوونەوە دوو تۆمەتباری مادده‌ی هۆشبه‌ر دەستگیرکران

دیمه‌نێكی پارێزگای دهۆك
دیمه‌نێكی پارێزگای دهۆك

K24 - دهۆك: 

گوته‌بێژی پۆلیسی دهۆك رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو کوڕ و کچە بازرگانەی ماددەی ھۆشبەر، کە سێ رۆژ لەمەوبەر تەقەیانکرد و ھەڵاتن، ئەمڕۆ لە ناحیەی سەرسنکێ دوای رووبەڕووبونەوە لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایشی دھۆک بە برینداری دەستگیرکران.

هێمن سلێمان گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک به‌ کوردستان24ـی راگه‌یاند،  لەسەر فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، دوو تۆمەتبار خۆیان رادەست نەکرد و هەڵاتن، دوای سێ رۆژ ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر هه‌شت لە سەنتەری ناحیەی سەرسه‌نگ دوای رووبەڕووبوونەوە دەستگیرکران.

پێشتریش لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەکردبوو، چوار تۆمەتبارە دەستگیرکران، كه‌ لە گەورە بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەرن لە سنووری دهۆک و زاخۆ و دوو تۆمەتباری دیکەش کە بەپێی یاسا داواکرابوون.

بەپێی ئامارێکی بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 کەسیان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

هەروەها 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر.

بەپێی ئامارەکانیش، 80%ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و 10%ـی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئافرەتن و 4%ـیش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.