سەرۆککۆماری عێراق: هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت
"هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147) بە مەبەستی راستکردنەوەی دۆخێکی دەستووری بووە"

K24 – هەولێر
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومێک لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق کە کریستیانەکانی نیگەران کردووە، نووسینگەی سەرۆککۆمار رایدەگەیەنێت: هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147) بە مەبەستی راستکردنەوەی دۆخێکی دەستووری بووە و هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت.
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردوەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتیەکی ئایینی دیاریکراو، لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسوومی کۆماریی بۆ دوو کەسایەتی ئایینی لە هەمان قۆناغدا دەرکراون و ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماریی نییە بۆ دامەزراندنی چونکە تەنیا مەرسومی کۆماری بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت".
نووسینگەی لەتیف رەشید، راشیگەیاندووە: "هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت و ئەو کەسایەتی ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نیە بۆ ئەوەی مەرسوومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو: "لێرەوە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147) بە مەبەستی راستکردنەوەی دۆخێکی دەستوری بووە، بەبێ گوێدانە هەر رەچاوکردنێک لەو بارەیەوە".