گەنجێک بەهۆی کێشانی وێنەیەکەوە کە لەسەدام دەچێت راپێچی زیندان دەکرێت

K24 - هەولێر

هێزێکی ئەمنی عێراق گەنجێکییان دەستگیرکرد، کە ساڵانێکە خۆبەخشانە کاری پاککردنەوەی شەقامەکان و نەخشاندنی دیوارەکان دەکات، دەستگیرکردنەکەی بە بیانووی ئەوە بووە کە پارەی لەلایەن حزبی بەعسەوە پێدراوە.

عەلی عەباس، گەنجێکی خۆبەخشی خەڵکی شاری ناسریەیە، کە لە سۆشیال میدیادا بە لاری ناسراوە، ساڵانێک لەمەوبەر هەڵمەتێکی لە ژێر ناوی "ئەمە زبڵ و خاشاکی من نییە، بەڵکو زێدی منە" دەستیپێکرد، بە ئامانجی لابردنی داروپەردوو لە شەقامەکان و دارچاندن و کێشانی تابلۆ لەسەر دیوارەکان.

زۆرتر وێنەکێشانەکانی بە هاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2019 بە شێوەیەکی بەرفراوان لە عێراق بڵاوبووەوە، لەو کاتەدا لاری لە چوارچێوەی چالاکییە ناڕەزایەتییەکاندا هەڵمەتەکەی دەستپێکرد.

.

لاری، سەرنجی میدیا ناوخۆیی و عەرەبییەکانی بەلای خۆیدا راکێشا، و زۆرجار بلۆگەرەکان باسی کارەکانی لاریان دەکرد، نیشانیان دەدا کەچۆن کارەکانی ئەو گەنجە لە زبڵدانێکەوە بۆ شوێنێکی سەوز گۆڕیووە لە ماوەی چەند رۆژێکدا.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، ئەو چالاکوانە گەنجە هەڵمەتێکی لە شەقامێکی شاری ناسریە دەستپێکرد، و رایگەیاند کە پارەی کڕینی کەرەستەی پاککردنەوە و بۆیاخکردن لە پرۆگرامی بوژانەوە دەستکەوتووە، کە لەلایەن ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیەوە پارەی بۆ دابینکراوە.

بەڵام دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا و لێیدرا، بە گوتەی کەسانی نزیک لە خۆی، کاتێک وینەی شاعیرێکی کۆچکردووی عێراقی بە ناوی عریان سەید خەڵەف لەسەر دیوارێکدا کێشاوە، ئەمەش لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە راپۆرتی لەسەر کراوە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو رووخسارە بە سەدام حسێن دەچێت.

لە پلاتفۆڕمی تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی کاتی دەستگیرکردنی ئەوگەنجە بڵاوکرایەوە، کە یەکشەممەی رابردوو هێزێکی دەزگای هەواڵگری عێراقی، لاریان دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی بە شکۆمەندکردنی حزبی بەعس و بەدەستهێنانی پشتیوانی گوماناوی بۆ دابینکردنی دارایی هەڵمەتەکەیی.

لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ لاری، ئەحمەد عەباسی برای رایگەیاندووە، کە وێنەیەکی شاعیری جەماوەری کۆچکردوو عریان سەید خەلەف لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی تەنیشت شارەوانی ناسریە کێشاوە، هاوشێوەی پەیکەری شاعیرەکە لە ناوەوەی بینای حکومەت.

عەباس لە رێگەی ئەکاونتەکەیەوە لە ئینستاگرام رایگەیاندووە، براکەی "لەکاتی لێکۆڵینەوەکانیدا تووشی ئەشکەنجەدان بووەتەوە".

دوای ڕۆژێک، هێزە ئەمنییەکان لارییان ئازاد کرد، دوای ئەوەی بەڵێنێکی نووسراوی واژۆ کرد کە هەڵمەتی پاککردنەوەکە رابگرێت و نەیکات و بە تەواوی واز لە نیگارکێشانی سەر دیوارەکان بهێنێت.

هەروەها کەسانی نزیک لە لاری بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاندووە، لێکۆڵەران ناچاریان کردووە دان بە کۆمەڵێک تۆمەتدا بنێت، لەوانە پەیوەندی لەگەڵ "حزبی بەعسی هەڵوەشاوە".

چەند کاتژمێرێک دوای ئازادکردنی، ئەو گەنجە خۆبەخشە نیشانەی لێدان لەسەر دەموچاویدا دەرکەوتووە، لەکاتێکدا بە گریانەوە باسی لەوە دەکرد کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا چی بەسەردا هاتووە هیچ پەیوەندییەکی بە حزبی بەعس و هیچ لایەنێکی قەدەغەکراوی عێراقەوە نییە.

Fly Erbil Advertisment