جووتیارانی هەولێر گلەیی لە کەمی نرخی بەروبوومەکانیان دەکەن

K24 – هەولێر:

جووتیارانی هەولێر گلەیی لە کەمی نرخی بەروبوومەکانیان دەکەن و رایانگەیاند، دەیانەوێت سنوورەکان دابخرێت بۆ ئەوەی بەربوومەی ئەوان دەیفرۆشن لە دەرەوە نەیەت، وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت: "دەڵێت جگە لە باج خستنە سەر بەرهەمی هاوردە، داوای رێگەپێدانیشمان بۆ جووتیاران کردووە بەروبوومەکانیان بنێرنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق".

بەرووبوومە خۆماڵیەکان نرخەکانیان نزیکەی %40 دابەزیووە، ئەمەش بووەتە کێشە بۆ جووتیاران دەڵێن، پێویستمان بە چارەسەرە. هۆگر سەلاح، جووتیار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق رێگری لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەکات لەوەی بەربوومەکانیان رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکەن، کێشەی جووتیارانی کورد چارەسەر دەبێت و بۆ ساڵی داهاتوو دەتوانن بەروبوومەکانیان زیاتر بکەن.

هاوکات جووتیارانی هەولێر داواکاران، حکومەت سنوورەکان دابخات و نەهێڵێت بەروبووم لە دەرەوە هاوردەی کوردستان بکرێت و بۆ ئەوەی بەروبوومی ناوخۆ ساغ ببێتەوە.

ئەو بەروبوومانەی لەم وەزەدا جووتیاران بەرهەمیان هێناوە بریتییە لە، پەتاتە، تەماتە، خەیار، کاڵەک، پیاز و لەگەڵ چەند بەرهەمێکی دیکە، بە مەبەستی فرۆشتن و ساخبوونەوەی بەرهەمەکانیشیان حکومەت پاڵپشتی جووتیارانی کردووە بەوەی دەتوانن بەرهەمەکانیان بنێرنە دەرەوەی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، ووشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێری گومرگی کشتوکاڵ، بۆ کوردستان24، گووتی: "خۆشبەختانە وەزارەتی کستوکاڵ شاندێکی نارد بۆ بەغدا رێکەوتنێک کرا، بە سەرپەرشتی و چاودێری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێکتێگەشتنێک دروستبوو، بە پێدانی پشتگیرییەک لە هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنە دەرەوەی بەرهەمەکانیان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژانە نزیکەی 350 بارهەڵگر بەرهەمی خۆماڵی هەناردە دەکرێت".

گووتیشی: "لە ماوەی 40 رۆژدا 11 هەزار پشتگیریمان داوەتە جووتیاران بۆ ئەوەی بەروبوومەکانیان هەناردە بکەن".

حکوومەتی هەڕێمی کوردستان لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومی ناوخۆدا بۆ پشتگیری کردنی جووتیاران ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێت باجیان دەخاتە سەر، بە مەبەستی ساخبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەشێک لە بەرهەمە هاوردەکراوەکانیش قەدەغە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment